Skip to the content

پرۆژەی ئاوی ڕانیە-حاجیاوا-چوارقوڕنە بە نزیكه‌ی 30 ملیۆن دۆلار جێبەجێ‌ دەكرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بایەخێكی زۆر بە پڕۆژەكانی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان دەدات بەوەی پڕۆژە وەستاوەكان بەگەڕ دەخاتەوە و پڕۆژەی نوێش جێبەجێ دەكات، لەم چوارچێوەیەدا بە مەبەستی پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ئاو لە سنووری ڕاپەڕین، پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی ڕانیە، جاجیاوا، چوارقوڕنە بە گوژمەی 29،721،307 دۆلار تەواو دەكرێت.

 پڕۆژەكە بە تایبەتمەندی عێراقی و ستانداردی جیهانی، ئاوی زێی بچووك دەگوازێتەوە بۆ وێستگەی پاڵاوتنی پڕۆژەكە و توانای بەرهەمهێنانی 3000 مەتر سێجا ئاوی لە كاتژمێرێكدا هەیە، هەتا ئێستا 69%ی كارەكانی جێبەجێكراوە و بە تەواوبوونی ئاوی پێویست بۆ ئەو سنوورە فراوانە دابین ده‌كات و كێشەی كەمئاویش چارەسەر دەكات.

 ئەم پڕۆژەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ڕاپەڕین سەرپەرشتی دەكرێت، گوژمەی پڕۆژەكەش بڕیتییە لە 29،721،307 دۆلار و لەلایەن كۆمپانیایەكی جێبەجێكارەوە جێبەجێ‌ دەكرێت، تا ئێستاش 69%ی كارەكانی تەواو كراون، بەڵام ئێستا پێداچوونەوە بە كارەكانی پڕۆژەكە كراوە و ڕەزامەندی بۆ تەرخانكردن و خەرجكردنی گوژمەی پێویست دراوە و كۆمپانیای جێبەجێكاریش لەگەڵ لیژنەی سەرپەرشتیاریی پڕۆژەكە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ئامادەكاری بۆ جێبەجێكردنی ئەو بِرگانەی لە پڕۆژەكەدا ماونەتەوە دەكەن، بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا ئاوی خواردنەوە بگەیەنێتە ڕانیە و حاجیاوا و چوارقوڕنە.