Skip to the content

پلانی پێشوەختەی ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی لە شاری هەولێر و دەوروبەری داڕێژرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14/4/2022 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و كەمال محەمەدساڵح، وەزیری كارەبا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران، كۆبوونەوەیەكی باڵا بە مەبەستی ئامادەسازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی و چارەسەركردنی گرفتەكان لە شاری هەولێر لە وەرزی هاویندا بەڕێوەچوو، تێیدا ژمارەیەك بڕیاری گرنگ دران وەك ئامادەكاریی ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتی كەمئاوی لە شاری هەولێر.
ئەم كۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بودجەی بەگەڕخستنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2022 بڕیاری دا بە خەرجكردنی (7,654,590,686) حەوت ملیار و شەشسەد و پەنجا و چوار ملیۆن و پێنجسەد و نەوەد هەزار و شەشسەد و هەشتاو و شەش دینار بۆ لێدان و هەڵكەندنی ژمارەیەك بیری ئاوی خواردنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی لە شاری هەولێر.
لە كۆبوونەوە هاوبەشەكەی ئەمڕۆدا بڕیار درا بە دروستكردنی ژوورێكی ئۆپەراسیۆن كە بە هاوبەشی لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گوشتوگوزار و وەزارەتی كارەبا و پارێزگای هەولێر پێكدەهێندرێت و دەسەڵاتی تەواوی دەبێت بۆ بەدواداچوونی كێشەكان و بڕیاردانی بەپەلە بۆ چارەسەركردنی هەر گرفتێكی بەردەم كەمئاوی، هەروەها ژمارەیەك بڕیاری دیكەش دران.
بڕیارەكان:
-بڕیار درا 138 بیری ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر و دەوروبەری لێ بدرێن.
 -دابینكردنی كارەبا بۆ ئەو بیرە نوێیانەی لێ دەدرێن.
- دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ بیرەكان.
- بودجەیەك بۆ حاڵەتی فریاكەوتن تەرخان دەكرێت.
- هەڵمەتی نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر تۆڕەكانی ئاو و كارەبا بەڕێوەدەچێت.
-لەگەڵ گرتنبەری چەند ڕێكارێكی دیكە لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی.
-وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی كارەبا و پارێزگای هەولێر بە یەك تیم لە ڕێگەی ئەو ژوورە هاوبەشەوە چاودێریی گرفتی كەمئاوی لە شاری هەولێر دەكەن و چارەسەری بەپەلەی بۆ دەدۆزنەوە.