چوار ملیار و زیاتر لە 707 ملیۆن دینار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی لە شاری هەولێر و دەوروبەری خەرج دەكرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەسەر بودجەی ئاسایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی چوار ملیار و زیاتر لە 707 ملیۆن دینار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتی كەمئاوی لە شاری هەولێر و دەوروبەری.
ڕێكەوتی 28/4/2022 لەسەر بودجەی ئاسایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی چوار ملیار و زیاتر لە 707 ملیۆن دینار، كە ئەم گوژمەیە بۆ ئامادەسازیی ڕووبەڕووبوونەوەی كێشەی كەمئاوییە لە شاری هەولێر و دەوروبەری لە هاوینی ئەمساڵدا.
بە گوێرەی بڕیارەكە، ئەو چوار ملیار و زیاتر لە 707 ملیۆن دینارە بە مەبەستی جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەكی ئاوە لە هەولێر و دەوروبەری، وەك ڕاكێشانی هێڵی كارەبا بۆ بیرەكان و دابینكردنی سێتی پەمپی ئاسۆیی و بۆستەرەكانی ناو شاری هەولێر و چاككردنەوەی موەلیدەی بیرەكان و كڕینی كەلوپەلی پێویست بۆ پڕۆژەكانی ئاوی ئیفراز/3 و بەكرێگرتنی تانكەر بۆ دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر و دەوروبەری خەرج دەكرێت.