بڕی ٤٠٠ ملیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی پرۆژەكانی ئاو خەرج دەكرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر ڕێژەی ١٧٪ی داهاتی ئاو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، بڕیاری دا بە خەرجكردنی گوژمەی ٤٠٠ ملیۆن دینار بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی دابینكردنی بوستەر پەمپ بۆ پرۆژەی ئاوی ((P.W.J كە بە پێی یاسا و ڕێنماییەكانی دارایی تایبەت بە داهات و یاسا و رێنماییەكانی دارایی بودجەی ساڵی ٢٠١٣ خەرج دەكرێت.
ئەمەش لەكاتێكدا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٢/٧/٢٨، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمێكدا كە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تەواوبوونی پرۆژەی ڕاكێشانی هێڵی سەرەكیی گواستنەوەی ئاوی لە تاسڵوجە بۆ سلێمانی بە درێژایی (١٥،٨٠٠ م.د) ڕاگەیاند، سەبارەت بە ژمارەی سوودمەندبووانیش گوتی "زیاتر لە ١٥٠ هەزار كەس لە گەڕەكەكانی باشووری خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی لێی سوودمەند دەبن و دەبێتە هۆی پەرەپێدانی زیاتری پرۆژەكانی ئاو لە سەنتەری شاری سلێمانیدا.