شەقامی ٦٠ مەتری و ئاوەڕۆ بۆ گەڕەکی ٨ی حەسارۆك درووست دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای گەلیاوە بە گوژمەی ٧ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار گرێبەستی درووستكردنی شەقامی ٦٠ مەتری و ئاوەڕۆی سندووقی و ئاوەڕۆی لوولەیی بۆ گەڕەكی هەشتی حەسارۆك لە شاری هەولێر واژوو كرد.
ڕۆژی یەكشەممە ٢١ی ئابی ٢٠٢٢ بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون، گرێبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاریی درووستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ بۆ كەرتی هەشتی حەسارۆك لەنێوان وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای گەلیاوە واژوو كرا. دواتر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا ناوەڕۆكی گرێبەستەكە و وردەكاریی پرۆژەكانی بۆ میدیاكان خستەڕوو.
لە بەشێكی قسەكانیدا ساسان عەونی ڕایگەیاند "خۆشحاڵم ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری كۆمپانیای جێبەجێكار، گرێبەستی جێبەجێكردنی شەقامی ٦٠ مەتری و ئاوەڕۆی گەڕەكی هەشتی حەسارۆكمان واژوو كرد". گوتیشی "لەمڕۆوە ئەو بەڵێنەی جەنابی كاك مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆكی دا بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری بگەیەندرێتە ئەو گەڕەكە، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و خزمەتگوزارییەكی زۆر باش جێبەجێ دەكرێت".
سەبارەت بە گوژمەی پرۆژەكە و ناوەڕۆكی گرێبەستەكەش وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی "گرێبەستەكەی ئەمڕۆ بۆ درووستكردنی شەقام و ئاوەڕۆی شەقامی سەرەكییە کە لە شەقامی لاوانەوە تا پێنجی حەسارۆك دەگرێتەوە، كە پێشتر چەندین كاری دیكەش لە هەشتی حەسارۆك كراوە، وەك دیزاینكردنی ئاوەڕۆكان و دیزاینی سەرەبلۆكەكان و لێدانی چوار بیری ئاوی خواردنەوە، هەروەها ئەو شەقامە ٦٠ مەترییەی ئەمڕۆ گرێبەستەكەیمان واژوو كرد و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە، بە بڕی ٧ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت و لە ماوەی ١١٠ ڕۆژ، واتە پێش سەری ساڵ كۆتایی دێت".
سەبارەت بە درێژایی شەقامەكە گوتی "درێژیی شەقامەكە نزیكەی سێ كلیۆمەترە، دووسایدە و هەر سایدەی شەست مەترە و ئاوەڕۆی سێ مەتر بە سێ مەتری هەیە". وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پیرۆزبایی لە خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك كرد و ئاماژەی بەوەش كرد ئەوان ماوەی ١٨ ساڵە چاوەڕێی خزمەتگوزارین و ئەمڕۆ كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بەڵێنەی كە داویەتی دەیباتە سەر و پرۆژەی خزمەتگوزاریان بۆ جێبەجێ دەكات.
"هەروەها بە دەرفەتی دەزانین ئاماژە بەوە بكەین كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەر شار و شارۆچكەیەك كە پێویستیان بە خزمەتگوزاری هەیە درێغی ناكات و سەرەڕای هەر بارودۆخێك بەڵام بۆ ساتێكیش لە گەیاندن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان نەوەستاوە و ناوەستێت، چونكە بە بڕوا و ئیرادەوە خزمەتی خەڵكی خۆمان دەكەین".
پاشان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا باسی لە گرنگیی پرۆژەكە و گرێبەستەكە كرد و ئاماژەی بەوە كرد، هەنگاوە كردارییەكانی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەشتی حەسارۆك دەستپێدەكات و دڵینیاییشی دایە هاووڵاتییانی شاری هەولێر كە لەژێر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكوومەت خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەو گەڕەكە و شوێنەكانی دیكەش بەردەوام دەبێت.
هاوكات ساسان عەونی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا هیوای خواست كە كۆمپانیای جێبەجێكار لە وادەی خۆیدا و بە باشترین شێوە كارەكانی پرۆژەكە تەواو بكات و دڵنیاییشی دایە خاوەن زەوییەكان كە خزمەتگوزارییەكان بەردەوام دەبن.