کێشەی گەڕەکەکانی تەعجیل و عەرەب و خانەقای هەولێر چارەسەر دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی ئابی ٢٠٢٢، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ناوچەى بەفرزۆن و چاره‌سه‌ری کێشە و گرفتى گەڕەکەکانی تەعجیل و عەرەب و خانەقا بەڕێوەچوو.
لە دیدارێکدا، کە هەریەک لە جێگرانی پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و ئەندامانى لیژنەى بەفرزۆن ئامادەى بوون، تیشک خرایە سەر کێشە و گرفتەکانى ناوچەی بەفرزۆن بە تایبەتى گەڕەکەکانی تەعجیل و عەرەب و خانەقا، و گفتوگۆ لەبارەى ڕێکخستنەوەى ئەم ناوچانە بە شێواز و دیزاینێکی سەردەمیانە کرا، تاوەکوو هەولێرى پایتەخت لە داهاتوویەکی نزیکدا ببردرێتە قۆناغێکی دیکەی ئاوەدانکردنەوەوە.
كۆمه‌ڵێك پرسی دیکەى په‌یوه‌ندیدار بهئیستیملاك كردنی خانووەکانی ئەو گەڕەکانە و كێشه هونەرى و کارگێرى و یاساییەکانی تاوتوێ کران، و هەریەک لە وه‌زیری شاره‌وانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هه‌ولێر، جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه ئه‌و شوێنانه جگە لە داڕوووخان، خه‌ریكه به شێوه‌یەکی نایاسایی لەلایەن کەسانێکەوە سوودیان لێوەردەگیرێت، بۆیه په‌له‌كردن له دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایەک تا له ماوه‌یەکى دیاریكراودا پلانی گونجاویان بۆ دیاری بكرێت. دوای گفتوگۆیەکی تێروتەسەل بریاردرا بە پێکهێنانى لیژنه‌یه‌ك به سه‌رۆكایه‌تیی جێگری پارێزگار و ئه‌ندامیه‌تی لایه‌نه په‌وه‌ندیداره‌كان بۆ ئەوەى له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا سەرجەم چاره‌سه‌رییەکانى ئەو گەڕەکانە لە ڕووى یاسایی و کارگێڕى و هونه‌ری لە ڕاپۆرتێکدا دیارى بکرێت.