Skip to the content

دەستەی گشتی گەشتوگوزار شوێنە گەشتیارییەکان پابەندی زمانی کوردی دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، سەرجەم هۆتێل و مۆتێل و کافێ و ڕێستۆرانت و ئەو شوێنە گەشتیارییانەی خزمەتگوزاری گەشتیاری تیادا پێشکەش دەکرێت پابەند دەکات بەوەی پێویستە زمانی کوردی بکەن بە زمانێکی سەرەکی بۆ لیستی پێشکەشکردنی خواردنەکان و تابلۆی ناوی بازرگانی شوێنەکانیان، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەش تەنها وادەی ١٥ ڕۆژ دیاری کراوە.

لە فەرمانەکەدا هاتووە کە لە ٧ خاڵدا نوسراوە، پابەند کردنی سەرجەم ئەوشوێنانەی خاوەنی مۆڵەتی گەشتیارین دەبێت زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی و یەکەم، پاشان هەر زمانێکی تری بیانی بنوسرێت.

لە فەرمانەکەدا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و لیژنە تایبەتەکانی ڕاسپاردووە بۆ بەدواداچوون بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و سزای دیاریکراوی سەرپێچی کاران تۆمار دەکرێت کە بە داخستنی شوێنەکە بۆماوەی سێ ڕۆژ دەستپێدەکات، لە ئەگەری دووبارە بوونەوە یان زیاتر شوێنەکە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ تا بە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی شوێنە گەشتیارییەکە کۆتایی دێت.