لە شاری دهۆک یەکەمین پارکی شوێنەواری دەکرێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە میکێلێ کامێرۆتا کونسوڵی ئیتاڵیا لە هەولێر و هەژار خۆشناو یاریدەدەری کونسوڵ و دانیێل مۆراندی شوێنەوارناسی زانکۆی ئودینێ كرد.
لە دیدارەكەدا هەریەكە لە بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك ئامادەی بوون.
لە دیدارەكەدا هەریەكە لە بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك ئامادەی بوون.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای بەخێرهێنانی شاندەكە، تیشكی خستە سەر گرنگیی كەرتی شوێنەوار لە هەرێمی كوردستان و سوپاسی هاوكاری و هەماهەنگیی تیمەكانی ئیتاڵیای كرد كە لە بواری شوێنەواردا لە هەرێمی كوردستاندا كاری هەڵكۆڵین دەكەن. لە بەشێكی تری گفتوگۆكاندا ئامادەكارییەكانی كردنەوەی پاركێكی شوێنەواری لە دهۆك تاووتوێ كرا كە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراقدا یەكەمجارە پاركێكی تایبەت بە شوێنەوار درووست دەكرێت و لە مانگی ١٠ی ئەمساڵدا لە دهۆك دەكرێتەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هاوكاری و كاركردنی تیمە ئیتاڵییەكانی بەرز نرخاند و پاڵپشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ دەربڕین و جەختیشی لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندی و فراوانكردنی بازنەی كاری هاوبەش كردەوە.
لە بەرانبەردا شاندی ئیتاڵیا خۆشحاڵیی خۆیان بە دیدارەكە دەربڕی و جەختیان لە بەردەوامیی كاری هاوبەش لە بواری مرۆیی و شوێنەوار و جێبەجێكردنی پرۆژەی هەڵكۆڵین لە هەرێمی كوردستاندا كردەوە.