Skip to the content

لە شەش مانگی ئەمساڵدا شارەوانیی سەرقەڵا زیاتر لە ٣٠ هەزار گوڵ و نەمامی بەرهەمهێناوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان یەكێكە لە ئەركە بەردەوامەكانی دامودەزگەكانی شارەوانی لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان، بۆ ئەو مەبەستەش بە بەردەوامی بەش و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئەندازەی پاركەكان، گوڵ و نەمامی جۆراوجۆر بەرهەم دەهێنن و پاشان شوێنە گشتییەكان بەو دار و گوڵانە دەڕازێننەوە.
 
تەنیا ئەمساڵ، لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سەرقەڵای سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، زیاتر لە ٣٠ هەزار نەمام و گوڵی جۆراوجۆر بەرهەمهاتووە كە بەهۆیەوە ڕێژەی سەوزایی سنووری ئەو شارەوانییە زیاد بووە کە لە ئێستادا رێژەی سەوزایی لەو ناوچەیە  ٧% و بەردەوامیش کار دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو رێژەیە زیاتر بکرێت.
 
ئەو ژمارە زۆرەی گوڵ و نەمام لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا لەلایەن بەشی باخچەکانی شارەوانیی سەرقەڵا بەرهەمهاتوون، كە نزیكەی ٢٥ هەزار نەمام و گوڵ لە سنووری شارەوانییەكە چێندراون و ئەوی تریان دراون بە فەرمانگەكانی حكومەت بەمەبەستی روواندنیان لە شوێنە جیاوازەكان.