Skip to the content

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ڕێكخراوی ئارچ گرێبەستی نۆژەنكردنەوەی شوێنەواری شوش واژوو دەكەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەكشەممە ١٤ی ئابی ٢٠٢٢، لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە خاتوو ئیلا بێكێسی، نوێنەری ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی ئارچ كرد و دواتر لە ڕێوڕەسمێكدا بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گرێبەستی نۆژەنكردنەوە و دووبارە درووستكردنەوەی شوێنەواری كنیشتی شوش لە قەزای ئاكرێ لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و ڕێكخراوی ئارچ واژوو كرا.
لە ڕێوڕەسمەكەدا كەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور، بێكەس بریفكانی، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك، هیوا شیمال بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری ئاكرێ ئامادەی بوون. 
دوای واژووكردنی گرێبەستەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و ڕێكخراوی ئارچ، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دەقی گرێبەستەی واژوو كرد و لە گوتەیەكیشدا هیوای خواست كە پرۆژەكە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا تەواو بكرێت و پشتگیریی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشی بۆ پرۆژەكە دەربڕی و جەختیشی لەسەر هەماهەنگیی نێوان هەردوولا كردەوە بۆ تەواوكردنی پرۆژەكە كە لە نزیكترین كاتدا دەستبەكارەكانی دەكرێت و بە گوێرەی گرێبەستەكەش لە ماوەی ساڵێكدا تەواو دەكرێت.
ڕێكارەكانی نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكە بە گوێرەی یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و كەلەپووری هەرێمی كوردستان و ڕێكارە پەیڕەوكراوەكانی ڕێكخراوی یونسكۆ دەبێت و ئەركی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیكردنی پرۆژەكەش بە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك و ئاكرێ دەسپێردرێت.