Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە گەشتوگوزار دەكات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ١ی ئابی ٢٠٢٢، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە بەشداریی ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و سەرجەم ئیدارە سەربەخۆكان، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پلانی پێشخستنی سێكتەری گەشتوگوزار و گفتوگۆكردن لەبارەی بڕیاری كۆبوونەوەی ژمارە (٨٣)ی ئەنجوومەنی وەزیران كە تایبەت بوو بە سێكتەری گەشتوگوزار، بەڕێوەچوو.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ بەرپرسانی سێكتەری گەشتوگوزاردا سەبارەت بە بڕیار و پێشنیازەكانی ئەنجوومەنی وەزیران كە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ڕاپۆرتێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پەسەند كرا، لەمبارەیەوە وتارێكی پێشكەش كرد و بە وردی باسی گرنگیی بڕیارەكە بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار و چۆنییەتیی میكانزمی جێبەجێكردنی خاڵەكانی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران كرد.
هەروەها لە بەشێكی تری گوتارەكەیدا تیشكی خستە سەر گرنگیی سێكتەری گەشتوگوزار و وەك سەرچاوەیەكی تری داهات ناوی برد، لەمبارەیەوە گوتی"یەكێك لەو خاڵە بەهێزانەی كوردستان هەیەتی ئەویش گەشتوگوزارە كە حكوومەت دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت، بۆیە لە ئەستۆی هەموومانە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی كەرتەكە، پەرە بەو هێزە بدەین و سەرجەم بوارەكانی گەشتوگوزار ڕێك بخەینەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تەنیا پشت بە نەوت نەبەستین و گەشتوگوزاریش وەك سەرچاوەیەكی بەهێزی داهات لێ دەكەین."
هەروەها تیشكی خستە سەر گرنگیی ڕێكخستنەوەی داهات و مۆڵەتی شوێنە گەشتیارییەكان و پۆلێنكردنی گەشتیاران، لەمبارەیەوە ساسان عەونی ئاماژەی بەوە كرد كە پێویستە دووبارە بابەتی كۆكردنەوەی داهات ڕێكبخكرێتەوە و بە وردیش بەدواداچوون بۆ ئەو شوێنە گەشتیاریانە بكرێت كە تاوەكوو ئێستا مۆڵەتیان نییە، لەبارەی پۆلێنكردنی ئەو گەشتیارانەی دێنە هەرێمی كوردستان، داوای لە بەرپرسانی گەشتوگوزار كرد دەبێت گەشتیاران پۆلێن بكرێن، چونكە حكوومەت هەوڵی ڕژد بۆ بووژانەوەی سێكتەری گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان دەدات.