پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و كەمئاوی تاوتوێ کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی چوارشەممە ٣١ی ئابی ٢٠٢٢، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە شاندێكی ڕێكخراوی یونیسێف كرد كە پێكهاتبوون لە مادس ئۆین بەڕێوەبەری ئەپەراسیۆنە مەیدانییەكانی یونیسێف لە عێراق و جێنیفر ڤیتێل ڕێکخەری کلاستەری (WASH) و زینب العغیدی، پسپۆڕی (WASH) ئاو و ئاوەڕۆ و پاكوخاوێنی لە ئۆفیسی مەیدانی یونیسێف لە هەولێر.
لە دیدارەكەدا كە ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ئامادەی بوو، تیشك خرایە سەر كارەكانی ڕێكخراوی یونیسێف كە بە هەماهەنگیی لەگەڵ دامودەزگەكانی حكومەت لە بواری پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆ و خۆڵ و خاشاك و یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەرانی ناو كەمپەكان كار دەكەن.
شاندی یونیسێف، سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و لێكەوتەكانی وشكەساڵی و كەمئاوی و ڕێژەی سەوزایی، پلانی داهاتووی ڕێكخراوەكەیان خستەڕوو كە بۆ ئەو مەبەستە ڕاپۆرتێكیان ئامادە كردووە و لە بەرنامەیاندایە لە داهاتوودا جێبەجێی بكەن و ئێستاش لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن ، ئەوەش بە مەبەستی دەوڵەمەندكردن و جێبەجێكردنی پلانەكەیان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ لێكەوتەكانی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكە، هاوكات تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە هەرێمی كوردستان.
جەختیشی کردەوە لەسەر هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان وەزارەت و ڕێكخراوی یونیسێف بە مەبەستی سەرخستنی بەرنامەكەیان و ئاماژەی بەوەش كرد وەك حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەرجەم تواناكانیان دەخەنەگەڕ بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەپێناو جێبەجێكردنی پلانەكە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێكەوتەكانی وشكەساڵی و چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی و پەرەپێدانی ڕێژەی سەوزایی و هەماهەنگیی زیاتر بۆ كاری هاوبەش و خزمەتگوزاری.