Skip to the content

پڕۆژەی گۆڕینی تۆڕی ئاوی ژمارەیەك گەڕەك و بەهێزكردنی ئیفراز سێ لە شاری هەولێر تەواوكرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تەواوبوونی پرۆژەی گۆڕینی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی ژمارەیەك گەڕەكی میللی و بەهێزكردنی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێیی شاری هەولێر ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش كرد پرۆژەكانی ئاژانسی جایكا تەنیا بۆ هەولێر نییە و سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، جەختیشی كردەوە بە چاودێری و سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت، هەموو خاڵەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەم جێبەجێ دەكرێن. 
ڕۆژی سێشەممە ٢ی ئابی ٢٠٢٢ بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، كونسوڵی ژاپۆن لە هەولێر، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ئاژانسی جایكا لە عێراق، بریكار و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەرۆ و ژمارەیەك بەڕێوەبەر و ئەندازیار و فەرمانبەران و دەزگەكانی ڕاگەیاندن، ڕێوڕەسمی تەواوبوونی پرۆژەی باشكردنی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەكە بە پێشكەشكردنی كورتەڤیدیۆیەك سەبارەت بە وردەكاری و جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەستیپێكرد و پاشان ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، جێن یونیدا بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی ئاژانسی جایكا لە عێراق، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، وتاریان پێشكەش كرد و باسیان لە گرنگیی پڕۆژەكە و كاریگەری لەسەر باشكردنی پڕۆسەی دابەشكردن و دۆخی ئاو لە شاری هەولێر كرد.
لە بەشێكی وتارەكەیدا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕایگەیاند "ئەو بەشەی پرۆژەكە لە ڕۆژی ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ گرێبەستەكەی لەگەڵ ئاژانسی جایكا و لایەنە پەیوەندیدارەكان واژوو كرا، سەرەڕای بارودۆخە ناخۆشەكان، بەڵام كارەكانی بەرەوپێشچوون و لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا تەواو كرا؛ كە ئەو پاكێجە پێكهاتووە لە بەهێزكردن و گۆڕینی تۆڕەكانی ئاو لەناو بازنەی ٣٠ مەتری و گەڕەكە میللییەكانی ناو شاری هەولێر، هەروەها بەهێزكردنی توانای وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی پڕۆژەی ئیفراز سێ كە كاریگەرییەكی زۆر باشی هەبووە لەسەر بەرهەمێنانی ئاو.
لە بەشێكی تری وتارەكەیدا جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای هەر بارودۆخێك و قەیرانێك، بەڵام بە بڕواوە لە خزمەتی هاووڵاتییانی كوردستان و جێبەجێكردنی خاڵەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەم بەردەوام دەبێت، هەروەها هەموو وەزارەتەكانی حكوومەت لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی جەنابی كاك مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئەو بارودۆخە ئابووری و نالەبارە سیاسی و شڵەژاوەی لە دەوروبەرمان هەیە، توانیویەتی بە بڕواوە ئەوەی لە توانادا بووبێت لە خاڵەكانی كارنامەكەدا جێبەجێ كراون و دڵنیاییش دەدەینە هاووڵاتییان هەموو خاڵەكان جێبەجێ دەكرێن.
ساسان عەونی بە ناوی حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە سوپاسی ئاژانسی جایكای كرد لە پاڵپشتیكردنی ئەو پرۆژەیە و پرۆژەی دیكەدا لە چوارچێوەی قەرزی ژاپۆن لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئاژانسی جایكا جێبەجێ كران. هاوكات جەختیشی كردەوە لەمەودوا ئەو گەڕەكانەی پرۆژەكەیان تێدا جێبەجێكراوە، گرفتیان نامێنێت. باسی لەوەش كرد ئێستا لەگەڵ ئاژانسی جایكا لە دوو پرۆژەی گرنگ هاوبەشین، ئەوانیش چارەسەركردنی ئاوی قورس و هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر كە هەردووكیان دوو پرۆژەی زۆر گرنگن. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش كرد حكوومەت هەر دەرفەت و دەرگەیەك بە پێویست بزانێت بەكاری دەهێنێت بۆ ئەوەی خزمەتی هاووڵاتییانی خۆی بكات و هەموو كارەكانیشمان بە ڕێنمایی و ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆكی حكوومەت ئەوەیە كە هاووڵاتی چەق و قورسایی كارەكانی ئێمەیە.
شایەنی باسە، پرۆژەكە بریتییە لە دوو بەش لە پاكێجی سێیەمی گرێبەستی نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كە لە چوارچێوەی هاوكاریی گەشەپێدانی فەرمی ڕێككەوتننامەی قەرزی ژاپۆنی جێبەجێ كرا. بەشی یەكەمی پێكهاتووە لە گۆڕینی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لەناو بازنەی شەقامی ٣٠ مەتری و گەڕەكەكانی منارە و تەیراوە، زانیاری و سەیداوە كە نزیكەی ٢٢٠ هەزار كەس لێی سوودمەند دەبن، هەروەها بەشی دووەمیشی دابینكردنی كەرەستەی یەدەگە بۆ پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێی شاری هەولێر.