Skip to the content

کار بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە پیشەسازییەكان دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- سێشەممە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٢، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە كوێستان محەمەد، وەزیری بارزگانی و پیشەسازی بە وەكالەت لە دیوانی وەزارەت کرد. 

لە دیدارێکدا کە ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، و ڕاوێژكاران و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ئامادەی بوون، و تاوتوێی چۆنیەتی پەرەپێدان و ڕێكخستنەوە و چارەسەركردنی كێشە و گرفتی ناوچە پیشەسازییەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان کرا.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای هاوبەش درا بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشە و گرفتی ناوچە پیشەسازییەكان و جەختیش لەسەر دروستكردنی ناوچەی پیشەسازی لەسەر ئاستی سەرجەم شار و شارۆچەكان كرایەوە، و دووبارە ڕێكخستنەوە و پەرەپێدانی ناوچە پیشەسازییەكان گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، و جەخت لەسەر ڕێكخستنەوەی پەرشوبڵاوی ناوچە پیشەسازییەكان كرا بە مەبەستی ئەوەی بەشێوەیەكی پێشكەوتوو و زانستی لە بەرژەوەندیی گشتیدا ڕێك بخرێنەوە. 

هاوكات دووپات لە هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچە پیشەسازییەكان كرایەوە.