وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی وێستگەی چارەسەری خاشاکی شیناگاوا دەكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بایەخی تایبەتی بە چارەسەركردنی زانستییانەی خۆڵ و خاشاكی هەرێمی كوردستان دەدات و لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە دەیەوێت لە داهاتوویەكی نزیكدا بە تەكنۆلۆژیای پێشکەوتوو و بەشێوەیەكی زانستی چارەسەری خاشاك بكات.
لەم چوارچێوەیەدا رۆژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تۆكیۆی پایتەختی ژاپۆن، سەردانی وێستگەی چارەسەری خاشاکی شیناگاوای كرد كە ئەم كارگەیە خاشاكی بەشێکی تۆكیۆی پایتەخت چارەسەر دەكات و یەكێكە لە کارگە گەورەکان و لە چارەسەری خاشاكدا بە ڕێگەی پێشکەوتوو دۆستی ژینگەیە و ئەزموونی زۆریان لەو بوارەدا هەیە.
لە میانەی ئەو سەردانەیدا لە نزیكەوە لەگەڵ بەرپرسانی وێستگەكە، تەواوی بەشەكانی كارگەكەیان بەسەركردەوە و بەرپرسانی وێستگەی شیناگاواش ڕوونكردنەوەی پێویستییان دایە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی ئەم بەشەی تۆكیۆی پایتەخت.