Skip to the content

قیڕتاوكردنی شەقامی ٦٠مەتریی هەشتی حەسارۆك دەستیپێكرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت، قیڕتاوكردنی شەقامی ٦٠مەتری لە ٨ی حەسارۆك لەسەر داهاتی ١٠٠%ی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دەستیپێكرد و دوای تەوابوونی ئەو شەقامەش، شەقامە ٦٠مەتری و ٤٠ مەترییەكانی دیكە تەواو دەكرێن.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار راشیگەیاند، دەست بە دروستكردنی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆی ٨ی حەسارۆك كراوە و هەر خزمەتگوزارییەکی دیکەش پێویست بێت، حكوومەت خزمەتگوزارییەکان دەگەیەنێت.
.
ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، قیڕتاوكردنی شەقامی ٦٠ مەتریی ٨ی حەسارۆك دەستیپێكرد و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش بەشێوەیەكی مەیدانی بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاری پرۆژەكانی ئەو گەڕەكە كرد.

سەبارەت بە لێدانی بیری ئاوی خواردنەوە، ساسان عەونی، گوتی:'' تاكوو ئێستا چوار بیری ئاو لێدراون و لە بەرنامەدایە لە داهاتوویەكی نزیكدا چوار بیری دیكەش لێ دەدرێن.''

لەبارەی تۆڕی ئاو و ئاوەرۆش گوتی:'' دروستكردنی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ دەستیپێكردووە و لەكاتی ئاوەدانبوونەوەی زیاتری گەڕەكەكە، بەرنامە و پلانی دیكەمان بۆی هەیە.'' و دڵنیاییشی دایە خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك كە حكوومەت بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە هەمەجۆرەكان بۆ ئاوەدانكردنەوەی گەڕەكەكە.