لە هەولێر ۱٤ پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەكرێن
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بەپێی چەند فەرمانێكی وەزاری ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی ٥٠٢ ملیۆن و ٩٣٤ هەزار دینار دا، بۆ جێبەجێكردنی ۱٤ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری پەرەپێدانی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ لەگەڵ سێكتەری شارەوانی لە سنووری شاری هەولێر و دەوروبەری. گوژمەی پڕۆژەكانیش لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێرە و بەپێی پلانی ساڵی ۲۰۲۲ خەرج دەكرێت.
بەشێكی پڕۆژەكان پێكهاتوون لە نۆژەنكردنەوەی شەقام و دروستكردنی كابینە لە پڕۆژەی ئیفرازی ٣ و دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەكی ڕۆشنبیری، گۆڕینی تۆڕی ئاو لە گەڕەكی ۹۲ بەرانبەر پاركی قوتابیان و دانانی تۆڕی ئاو و بەستنی لەگەڵ بیر لە باغمرە شەهاب لە دارەتوو، درێژكردنەوەی تۆڕی ئاو لە گەڕەكی بەختیاری و گەڕەكی كوێستان و درێژكردنەوەی تۆڕی ئاو بۆ بیرەكانی هاوكاری و زیلان، قیڕتاوكردنی چەند شەقامێك لە كەسنەزان و نۆژەنكردنەوەی شەقام لە ناوچەی پیشەسازیی باكوور، گۆڕین و دابەزاندنی تۆڕی ئاو لە دارەتوو، دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەكی ٥ی حەسارۆك، لەگەڵ چەند پڕۆژەیەكی دیكەی خزمەتگوزاری.