Skip to the content

مەسرور بارزانی گوژمەی زیاتر لە پێنج ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی عەنكاوە تەرخان دەكات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان, ڕەزامەندی دا لەسەر تەرخانكردنی زیاتر لە ٥ ملیار دینار، بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی قیرتاوكردن و دروستكردنی شۆستە و جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ لە قەزای عەنكاوە لە پارێزگای هەولێر.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە گوژمەكە ڕایگەیاند:''مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی داوە لەسەر خەرجكردنی گوژمەی ٥ ملیار و 500 ملیۆن دینار، بەشێوەی نەختینە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی قیرتاوكردنی شەقامەكان و دروستكردنی شۆستە و گەیاندنی ئاو و دروستكردنی ئاوەڕۆ لە كەرتی١٢٨ی عەنكاوە.''
سەبارەت بە كاریگەرییەكانی ئەو گوژمەیە لەسەر پەرەپێدانی پرۆژەكانی عەنكاوە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی:''ئەو گوژمەیە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی زیاتری پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی عەنكاوە و لەڕووی خزمەتگوزارییەوە شارۆچکەکە هەنگاوێكی دیكە دەچێتە پێشەوە و ئاستی خزمەتگوزارییەكان تێیدا بەرز دەبێتەوە.''