وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی وڵاتی ژاپۆن دەكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە وڵاتی ژاپۆن، پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەولێر و چۆنیەتی پەرەپێدانی سەنتەری شارەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژاپۆنییەكان تاوتوێ دەكات و تیمێكی ئەندازیارانی وەزارەتیش بەسەر دەكاتەوە كە چەند ڕۆژێكە بە مەبەستی بەشداریكردن لە خولێكی تایبەت بە ماستەرپلان لە شاری "کاوهگۆی"ی ژاپۆنن.
ڕۆژی چوارشەممە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، لە وڵاتی ژاپۆن، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری عەبدولكەریم كەعب، باڵیۆزی عێراق لە تۆكیۆی پایتەخت و تیمی جایكا، سەردانی پارێزگای سایتامای كرد و لەلایەن مۆتۆهیرۆ ئۆنۆ پارێزگاری سایتاما پێشوازیان لێ كرا.
لە دیدارەكەدا گفتوگۆ سەبارەت بە پلانی گەشەپێدانی ئاوەدانیی بەردەوام و پرۆژەكانی ئاژانسی جایكا لە هەرێمی كوردستان و سوودوەرگرتن لە دەستپێشخەریی ئەزموونداری ئەو پارێزگایە سەبارەت بە بەكارهێنانەوەی ئاوەڕۆ و ئاوی باران و ڕێگریكردن لە لافاو كرا، هەروەها تیشك خرایە سەر چۆنیەتی پەرەپێدانی ماستەرپلانی شارەكان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە هەرێمی كوردستان. هەر لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا دواتر لەگەڵ بەرپرس و كارمەندانی بەشی پلاندانانی ئاوەدانی لە پارێزگەی سایتاما كۆبووە و پاشان پرێزنتەیشنێك سەبارەت بە چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی سەنتەری شارەكان پێشكەش كرا.
لە بەشێكی تری چالاكییەكانیدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە "شاری كاوەگۆی"ی ژاپۆن، سەردانی تیمی ئەندازیارانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری كرد كە چەند ڕۆژێكە بە مەبەستی بەشداریكردن لە خولێكی تایبەت بە ماستەرپلان لەو وڵاتەن، لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی خولەكە كرد و تیشكی خستە سەر گرنگیی ئەو خولەكە بۆ پەرەپێدانی ماستەرپلانی شارەكانی هەرێمی كوردستان كرد.
لە دوایین وێستگەی چالاكییەكانی ڕۆژی چوارشەممە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی تۆكیۆی پایتەختی كرد و لەگەڵ عەبدولكەریم كەعب، باڵیۆزی عێراق لە ژاپۆن كۆبووەوە و تیشكی خستە سەر ئامانجی سەردانەكەی بۆ ئەو وڵاتە، لە تەوەرێكی تردا باسیان لە هاوكارییەكانی وڵاتی ژاپۆن كرد كە لە بواری خزمەتگوزاری لە ڕێگەی ڕێكخراوەكانیانەوە هاوكاری هەرێمی كوردستان و عێراق دەكەن، لەپێناو هەر جۆرە هاوكاری و كارئاسانییەك، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و باڵیۆزی عێراق جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان كردەوە.