Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ جێگری وەزیری پەرلەمانیی بۆ کاروباری دەرەوە كۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، لە وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و تاكاگی كێی، جێگری وەزیری پەرلەمانیی بۆ كاروباری دەرەوەكۆبوونەوە.
لە دیدارەكەدا كە ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی عێراق ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی باشتركردنی پەیوەندی و فراوانكردنی چالاكییەكانی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی لە عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان كرا، لە بواری پێشكەشكردنی هاوكاری و جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاریی گشتی و ئاو و ئاوەڕۆ و ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر فراوانكردنی چالاكی و پرۆژەكانی ڕێكخراوی جایكا لە هەرێمی كوردستان كرایەوە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سوپاسی حكومەتی ژاپۆن و ئاژانسی جایكای كرد كە لە هەرێمی كوردستان لە چەندین بواردا هاوكاری حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەكەن و هیوای خواست پەرەی زیاتر بەو پەیوەندی و هاوكارییانەی نێوانیان بدرێت.
جێگری وەزیری پەرلەمانیی بۆ کاروباری دەرەوە لە وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن، جەختی لەسەر بەردەوامی و فراوانكردنی پەیوەندییەكان كردەوە.