Skip to the content

ساسان عەونی: خولی ئایزۆ بۆ ئەوەیە بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییان بكەین

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەپێناو باشتر بەڕێوەچوونی كاروبارەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، خولی سیستەمی بەڕێوەبردنی كوالێتی (ISO) بۆ ئەندازیاران و فەرمانبەرانی وەزارەت و داموزدەزگەكانی تری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرایەوە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی خولەكە، سەردانی بەشداربوونی خولەكە دەكات و دەڵێ ئامانج لەو خولە باشتر خزمەتكردنی هاووڵاتییانە.
ڕۆژی  سێشەممە (15ی شوباتی 2022) ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەڕێوەبەرایەتیی توانای مرۆیی، سەردانی بەشداربووانی خولێكی ئایزۆی كرد كە چەند ڕۆژێكە لەلایەن مامۆستایانی شارەزاوە بە مەبەستی بەرزكردنەوەی كوالێتی بەڕێوەبردنی كاروبارەكان بۆ ئەندازیاران و فەرمانبەرانی وەزارەت و دامودەزگاكانی تری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوەتەوە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ئایزۆ كە یەكێكە لە بڕوانامە گرنگەكان لە بواری بەرزكردنەوەی كوالێتی بەڕێوەبردن.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوای لە ئەندازیاران و فەرمانبەرانی بەشداربووانی خولەكە كرد بە بایەخەوە پابەندی بە كاتەكانی خولەكە بن، چونكە ئەو خولە زۆر گرنگە بۆ  بەرزكردنەوەی ئاستی بەڕێوەبردنی كاروبارەكان و دەبێتە سەركەوتن بۆ حكومەت و تەنانەت فەرمانبەرانی بەشداربووش لە ژیانی خۆیاندا لێی سوودمەند دەبن، هەروەها گوتیشی ئامانج لەو جۆرە خولانە بۆ ئەوەیە بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییان بكەین.