ڕێكارەكانی مۆڵەتی بیناسازی لە هەرێمی كوردستاندا ڕێك دەخرێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە كابینەی نۆیەمدا بە مەبەستی پەرەپێدان و كەمكردنەوەی ڕۆتین و كارئاسانی بۆ هاووڵاتییان، ڕێكارەكانی مۆڵەتی بیناسازی لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا بە میكانیزم و پلانێكی نوێ ڕێكدەخاتەوە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش لە وۆرك شۆپێكدا جەخت لەسەر ڕێكخستنەوەی ڕێكارەكانی مۆڵەتی بیناسازی دەكاتەوە و داواش لە سەرجەم بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆك شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات بە ڕەچاوكردنی ڕەهەندە یاسایی و ئەندازیاری و ئابووری و شارسازییەكان بە مەبەستی باشكردنی سیستەمی مۆڵەتی بیناسازی پاكێجێكی گشتگیر بۆ بڕیاردانی كۆتایی پێشكەش بكەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 1ی شوباتی 2022 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە بەشداریی سەرجەم بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان و سەرۆك شارەوانییەكان لەسەر ئاستی تەواوی شار و شارۆچكەكانی كوردستان وۆرك شۆپی (ڕێكخستنی سیستەمی ڕێنمایی نەخشەسازی و بیناسازی لە هەرێمی كوردستان)دا ڕێكخرا و لە ڕێگەی بەكارهێنانی داتا شۆوە ئامانجەكان و شێوازەكانی ڕێكخستنەوەی مۆڵەتی بیناسازی نیشاندران، بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا بڕیاری كۆتایی لەسەر پاكێجێكی گشتگیر بدرێت، لەلایەن ئامادەبووانەوە بە وردی گفتوگۆ لەبارەی سەرجەم خاڵەكانی وۆرك شۆپەكە كرا و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ساسان عەونی داوای لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و سەرۆكایەتیی شارەوانییەكان كرد كە لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا هەموویان لەسەر پاكێجێكی گشتگیردا ڕێكبكەون و پێشكەشی وەزارەتی بكەن، كە لە داهاتوویەكی نزیكدا بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی تری گوتەكەیدا تیشكی خستە سەر گرنگیی ڕێكخستنەوەی مۆڵەتی بیناسازی و لەو ڕووانگەیەوە داوای لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی لەسەر ئاستی كوردستاندا كرد تاوەكو ڕۆژی پێنجشەممە میكانیزمێكی گونجاو و گشتگیر لە پاكێجێكدا پێشكەش بكەن بە شێوەیەك لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا بێت و سەرجەم ڕەهەندە یاسایی و ئەندازیاری و ئابووری و كارگێڕییەكانی تێدا ڕەچاو بكەن. هەروەها ڕایسپاردن كە ڕێنماییەكانی مۆڵەتی بیناسازی لەگەڵ ڕەچاوكردنی لایەنی یاسایی، بۆ پرۆسەی ڕاییكردنی مامەڵەكان ئاسانكاری تێدا بێت بەوەی تەواوی زانیاری و خاڵ و ڕێكارەكانی وەرگرتنی مۆڵەتەكە لە تابلۆكانی سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگاكانی شارەوانیدا هەڵبواسن كاتێك هاووڵاتییەك مۆڵەتی بیناسازی دەوێت، گرنگە لە ڕێگەی تابلۆی زانیارییەوە هەموو زانیارییەكی دەستبكەوێت و بزانێت پێداویستییەكانی و وادەی تەواوبوونی مامەڵەكەی چین و كەی تەواو دەبێت. هەروەها وەك وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داواشی لێكردن تاوەكو ڕۆژی پێنجشەممە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی سەرنج و پێشنیازەكانیان لە یەك پاكێجی گشتگیردا پێشكەش بكەن و ئینجا وەزارەت بڕیاری كۆتایی لەسەر ڕێكخستنەوەی مۆڵەتی بیناسازی دەدات.