دەست بە پرۆسەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر دەکرێت و كەلوپەلیش بۆ مۆزەخانەی سلێمانی دابین دەكرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە 24ی شوباتی 2022، لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە شاندێكی ئاژانسی جایكای یابانی كرد كە پێكهاتبوون لە شۆتارۆ ئۆنۆ جێگری پێشکەوتووی بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ساتسوکی ناگورا ستافی جایکا لە یابان بۆ کاروباری عێراق، ئامۆژگار حەوێزی بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پڕۆژەکان و کۆزۆ ئۆنۆ ڕاوێژکاری پڕۆژەکان.
لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەسەر دەستكردن بە پرۆسەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر و چارەسەركردنی ئاوی قورسی هەولێر و پەرەپێدان و دابینكردنی كەلوپەلی پێویست بۆ مۆزەخانەی سلێمانی و جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی دیكە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كرا، ئاژانسی جایكای یابانی لە جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكاندا هەماهەنگ و هاوكارە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، هەر بۆیە لە دیدارەكەدا پەرەپێدانی هەماهەنگییەكان جەختی لەسەر كرایەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لای خۆیەوە ئامادەیی ئەوپەڕی هاوكاری و هەماهەنگیی لەگەڵ تیمی جایكای یابانی و ڕاوێژكارانی ئاژانسەكە نیشاندا كە لەم نزیكانەدا دەست بە جێبەجێكردنی پرۆسەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر دەكرێت. لای خۆیانەوە شاندی جایكاش جەختیان لە درێژەدان بە پەیوەندی و هەماهەنگییەكانیان لەگەڵ دامودەزگاكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوار كردەوە.