Skip to the content

سیستەمی GIS بۆ یەكخستنەوەی داتا و زانیارییەكان لە شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی شوباتی 2022 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و جۆرج هارتمان ڕاوێژكار لە ئاژانسی VNGى هۆڵەندی سیمیناری (خستنەڕووی ئەنجامی ڕووپێوی باری ئیستای GIS لە شاری هەولێر) بۆ بە سیستەمكردنی داتا و زانیارییەكانی دامودەزگاكانی شاری هەولێر بەڕێوەچوو. 
سیمینارەكە بە بەشداری سەرجەم دامودەزگاكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و جێگری پارێزگای هەولێر و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی تری حكومەت ڕێكخرا و ئامادەبووانیش سەرنجی خۆیان بۆ دەوڵەمەندكردن و جێبەجێكردنی خستەڕوو. لە ڕێگەی داتاشۆوە ڕۆژگار قەرەنی مامۆستای زانكۆی سەڵاحەددین وردەكاریی سیستەمەكە و نەخشەڕێگەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی بە شێوەیەكی زانستی خستەڕوو بۆ یەكخستنەوە و پاكسازیكردنی سەرجەم داتا و زانیاریی فەرمانگەكان. 
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای ئاماژەدان بە گرنگی سیستەمەكە، گوتی ئەو پرۆژەیە بە ڕەزامەندی و لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆكی حكومەت جێبەجێ دەكرێت، هەموو هاوكاری و كارئاسانییەكیش بۆ چارەسەركردنی گرفتە یاسایی و كارگێڕی و ئەندازیارییەكان بە مەبەستی جێبەجێكردنی دەكەین. سوپاسی ڕێكخراوی VNGى هۆڵەندیشی كرد كە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگاكانی حكوومەت كار لە جێبەجێكردنی پرۆژەكەدا دەكەن و لەبارەی گرنگی پرۆژەكەیشەوە ڕایگەیاند ئەم پرۆژەیە بۆ شاری هەولێر و هەرێمی كوردستانیش زۆر گرنگە و دەبێت بە خێرایی جێبەجێی بكەین. سەرەڕای جەختكردنەوە لەسەر تەواوكردنی، هەروەها داواشی لە فەرمانگەكانی شاری هەولێر كرد بە هەماهەنگی كار لەسەر ڕێكارەكانی جێبەجێكردن و سەرخستنی سیستەمەكە بكەن.