هەرێمی كوردستان و ئوردن دەتوانن لە بوارەكانی شارەوانی و گەشتوگوزاردا ئەزموونەكانیان بگۆڕنەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە (10/2/2022) ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە فوئاد خازر ئەلمەجالی كونسوڵی شانشینی ئوردنیی هاشمی كرد و لە گفتوگۆی نێوانیاندا باس لە پەیوەندیی پتەوی نێوان گەلی كورد و وڵاتی ئوردن كرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سوپاسی هەوڵەكانی وڵاتی ئوردنی كرد بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا و گوتی: ئێمە دەتوانین لە بوارەكانی شارەوانی و گەشتوگوزاردا ئەزموونی باش بگۆڕینەوە، وەك چۆن لە ڕابردووشدا ئەم پەیوەندییە پتەوەی نێوانمان هەماهەنگیی جۆراوجۆری لێ كەوتبووەوە.
كونسوڵی ئوردن خۆشحاڵی خۆی بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاگاداریی وڵاتەكەی خستە ڕوو بە دیدگای سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ داهاتوویەكی گەشتر كە هەموو لایەنەكان دەگرێتەوە، هیواخوازن وڵاتەكەیان بەشدار بێت لە ئاوەدانكردنەوەی زیاتری كوردستان.