وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و شاندێكی كەنەدا پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوە و چارەسەركردنی گرفتی ئاوەڕۆ گەنگەشە دەكەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگواز و شاندێكی كەنەدا چۆنیەتی پەرەپێدانی پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوە و چارەسەركردنی گرفتی ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكەن كە كۆمپانیا كەنەدییەكان دەیانەوێت پرۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ لە کوردستان جێبەجێ بكەن و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش وێڕای سوپاسگوزاری بۆ هاوكارییەكانی پێشووی كەنەدا، جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ و كاركردنی پێكەوەیی بە گرنگ دەزانێت.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 2ی شوباتی 2022 لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە ئیڤ دوڤال بەڕێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە هەولێر و شاندێكی كۆمپانیاكانی كەنەدا كرد و پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوە و چارەسەركردنی گرفتی ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان و فراوانكردنی پەیوەندییەكان گەنگەشە كران.
شاندی كەنەدا وێڕای سوپاسگوزاریان بۆ هاوكاری و كارئاسانییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر و كۆمپانیاكانی وڵاتەكەیان لە كوردستان، ئێستاش دەیانەوێت لە ڕێگەی كۆمپانیا پێشكەوتوو و ئەزمووندارەكانیانەوە لە جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوی خواردنەوە و چارەسەركردنی كێشەی ئاوەڕۆ و بەكارهێنانەوەی ئاوی پیس بۆ كشتوكاڵ و پیشەسازی و سێکتەری بازرگانی و كاری ڕاوێژكاری و ڕاهێنانی ئەندازیارانی كورد لەسەر سیستەمە پێشكەوتووەكانی تەكنۆلۆژیا بە مەبەستی پێشخستنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و سێكتەری شارسازیدا كاری زیاتر لەگەڵ حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا بكەن.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرەڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی بەرچاوی حكوومەتی كەنەدا لە هاوكاریكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تەواوی سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان و شەڕی داعش و پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارەكان و بووژانەوەی كوردستان، هاوكات پێشنیازی شاندەكەی بۆ كاركردن لە كوردستاندا بەرز نرخاند كە دەیانەوێت لەمەودوا درێژە بە هاوكارییەكان بدەن و لە بواری دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و چارەسەركردنی ئاوەڕۆشدا پرۆژەی نوێ جێبەجێ بكەن.