Skip to the content

ساسان عەونی: ماستەرپلانی شاری كۆیە هەموار دەكرێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت ماستەرپلانی شاری كۆیە هەموار دەكرێتەوە و پڕۆژەی شەقامی حاجی حاجی جێبەجێ دەکرێت کە شەقامی ناو بازاڕی كۆیە لە فولكەی حاجی قادرەوە تا نزیك یانەی كۆیە بە جووتساید دەکات و چەند پڕۆژەیەكی دیكەش دەخرێنە بەرنامەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی كانوونی دووەمی 2022، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دیوانی وەزارەت بە ئامادەبوونی ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەت، پێشوازی لە تاریق حەیدەری قائیمقامی قەزای كۆیە و سەرۆكی شارەوانیی كۆیە كرد و گفتوگۆیان لەسەر هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری کۆیە و پەرەپێدان و جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی شاری كۆیە كرد.
هەروەها گفتوگۆ لەسەر گۆڕانکاری لە شەقامێکی  بازنەیی 30مەتری بۆ ٦٠ مەتری بە دەوری شاردا و جێکردنەوەی لە ماستەرپلاندا کرا و سەبارەت بە جووتسایدكردنی ناو بازاڕی كۆیە و جێبەجێكردنی پڕۆژەی حاجی حاجی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێی ڕاگەیاندن کە ڕەزامەندی لەسەر دانانی ئەو پڕۆژەیە لە پلانی ٢٠٢٢ دراوە و هەوڵ دەدرێت کە قۆناغی یەکەمی لەمساڵدا جێبەجێ بکرێت.   
هاوكات گفتوگۆ دەربارەی دروستكردنی شارێكی پیشەسازی و جێکردنەوەی لەناو ماستەرپلان بە ڕەچاوكردنی سەرجەم ڕەگەزە ئەندازیارییەکان کرا.