ساسان عەونی بۆ ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر: لە بڕیارداندا نەكەونە ژێر كاریگەری و گوشاری هیچ كەسێك و لەسەر بنەمای یاسا و یەكسانیدا بڕیار بدەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە كۆبوونەوەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاردا لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر جەخت لەسەر کەمكردنەوەی ڕۆتین و پەیڕەوكردنی میكانیزم و بەرنامەیەكی نوێ بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی شاری هەولێر كرایەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 26ی كانوونی دووەمی 2022، لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر بە مەبەستی بەدواداچوونی كارەكانیان و پێدانی نەخشەڕێگە و ڕێنمایی و گفتوگۆكردنی میكانیزمی نوێ بۆ پەرەپێدانی هەولێری پایتەخت، كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی جەختی لەسەر دانانی نەخشەڕێگە و میكانیزمێكی نوێی كاركردنی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر كردەوە و هەروەها تیشكی خستە سەر گرنگیی كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان و بە یەكێك لە هەنگاوەكانی چاكسازی و دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ناوبرد، كە دوای نزیكەی 20 ساڵ، لە ساڵی 2020 بە شێوازێكی نوێ كارا كرانەوە و بۆ یەكەمجاریش نوێنەری ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەیی و سەندیكاكان و كۆمەڵگەی مەدەنی لە ئەنجوومەنی شارەوانییەكاندا بەشدارییان پێكرا.
هەروەها چەند تەوەرێكی تریش گفتوگۆیان لەبارەوە كران و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر كرد جددیتر كار بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین و باشتركردنی پرۆسەی ڕاییكردنی كاروباری فەرمانگەكان بكەن و لەبارەی شوێنە شوێنەواری و كەلەپوورییەكانی هەولێریش داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنەكە كرد بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگادا كار لە بواری شوێنە شوێنەواری و كەلەپوورییەكانی هەولێردا بكەن و بایەخی زیاتریش بە جوانكاری پایتەختی هەرێمی كوردستان بدەن و ئاسانكاریش بۆ بڕیارەكانتان بە مەبەستی كەمكردنەوەی لۆد لەسەر فەرمانگەكان بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییەكان بكەن.
لە تەوەرێكی تریشدا ساسان عەونی داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەن كرد لە بڕیارداندا نەكەونە ژێر كاریگەری و گوشاری هیچ كەسێك و دەبێت سەرجەم بڕیارەكانتان لەسەر بنەمای ڕەچاوكردنی یەكسانی و یاساییدا بێت بۆ یەكلاكردنەوەی هەموو كەیسێك و لە هیچ كەسێكیش قەبووڵ ناكەین لەژێر هەر جۆرە گوشارێكدا بڕیار لەسەر كەیسێك بدات و پێگەكەی بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی بەكار بهێنێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە دواكەوتنی بڕیاردان لەسەر چەند كەیسێك كران و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش جەختی لەسەر بڕیاردانی كۆتایی بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو كەیسانەدا كردەوە كە دەمێكە چاوەرێی بڕیاردان دەكەن، هەروەها بڕیاریش لەسەر دانانی هەیكەلێك بۆ ئەنجوومەنەكە و لەگەڵ پەیڕەوكردنی بە سیستەمكردن و ئەلیكترۆنیكردنی كاری فەرمانگەكانی شارەوانی و كۆنترۆڵكردن و پاراستنی زەویی شارەوانی دران.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سۆنگەی بایەخدان بە پێگە و ڕوئیای ئەنجوومەنەكە بۆ پێشخستنی شارەكان، ئاماژەی بەوە كرد ئەنجوومەنی شارەوانییەكان ڕۆڵ و پێگەیەكی باشیان لە دانانی بەرنامە و خستنەڕووی ڕوئیای نوێ بۆ بووژانەوەی شار و شارۆچكەكان هەیە و لەم سۆنگەیەوە دەبێت بە بەرنامە و پلانی نوێ بۆ ئەم ساڵ پڕۆژەكان جێبەجێ بكرێن و بە هەموو شێوەیەكیش كاری جددی بۆ بووژانەوە و پێشخستنی شاری هەولێری پایتەخت بكەن و دەبێت ئەمساڵ بەرنامەی نوێی كاركردن لە پایتەختی هەرێمی كوردستاندا ڕەنگ بداتەوە.