وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار: ئەمساڵ بۆ شوێنەوار دەبێتە ساڵی دەستكەوتی گەورە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە (25ی كانوونی دووەمی 2022) ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیهكی فراوانی شوێنەواری كرد و ڕایگەیاند، ئەو بایەخەی لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سێكتەری شوێنەوار دراوە، هەوڵ دەدەین زیاتر ڕەنگ بداتەوە و بە پشتیوانی و كۆششی هەموو لایەک بایەخی شوێنەوار دەگەیەنینە ئەو ئاستەی كە شایستەی مێژوومان بێت.
لە كۆبوونەوەكەدا كە كەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و بەڕێوەبەرانی شوێنەواری هەموو شار و دەڤەرەكانی كوردستان ئامادە بوون، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دەستخۆشی لە بەستنی كۆنفرانسی شوێنەوار كرد كە لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو بەسترا و بەڵێنی پێ دان، هەموو كارێک دەكەن بەپێی توانای حكومەت، ڕاسپاردەكانی كۆنفرانسەكە جێبەجێ بكرێن و هیواشی خواست لە بەستنی كۆنگرەی زانستی و كۆنفرانسی ئیداریی گەورە بۆ پێشخستنی سێكتەرەكە بەردەوام بن، هەروەها داوای كرد كە پێویستە جارێكی دیكە پەیكەری شوێنەوار ڕێک بخرێتەوە بۆ ئەوەی باشتر لە ئاستی گرنگی پرۆسەی بایەخدان بە شوێنەوارەكانی كوردستاندا بن.
شوێنەوار، یەكێكە لە سێكتەرەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگواز كە لە بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتیدا كارەكانی بەڕێوە دەبرێت و 9 بەڕێوەبەرایەتیشی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا هەیە، چوار مۆزەخانە و زیاتر لە 500 خانووی كەلەپووری و شوێنی دیكەی شوێنەواری بەڕێوە دەبەن و تا ئێستا 5000 شوێنی شوێنەواریی كوردستانیان تۆمار كردووە و بەردەوام بەهۆی پشكنین و توێژینەوە زانستییەكان، لە هەوڵدان شوێنی دیكەی شوێنەواریی بخەنە ڕیزی شوێنە گرنگە شارستانییەكانی جیهان.
گرفتی گەورەی سێكتەری شوێنەواری، نەبوونی بودجەیەكی دیاریكراو بوو كە بتوانن كارەكانیان بە باشتر بەڕێوە ببەن، بەڵام لە ساڵی پار، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندی لەسەر پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەربڕی بە دیاریكردنی 900 ملیۆن دینار بودجەی ساڵانە بۆ ئەو سێكتەرە، هەروەها وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری دا، 1%ی داهاتی شارەوانییەكان بۆ خزمەتگوزاری و كارەكانی شوێنەوار خەرج بكرێت كە ئەمەش هۆكارێكی باشە تا زیاتر دەستكراوە بن لە خزمەتی شوێنەوارەكانی كوردستان.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆبوونەوەكەدا، ئەو دوو خاڵەی بەبیری ئامادەبووان هێنایەوە وەك بەڵگەیەك كە حكومەتی هەرێمی كوردستان سێكتەری شوێنەواری بەهەند وەرگرتووە، پێشی گوتن: هەر پێشنیاز و داوایەك كە بۆ خزمەتی پاراستن و بایەخدان به شوێنەواری كوردستان بێت پێشكەشی بكەن و هیچ داوایەكیان پشتگوێ ناخرێت و هەمووی بەپێی تواناكانی حكومەت دەخرێنە پلانی كارەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، هیوادارم بەردەوام سەرنجی توێژەر و پسپۆڕ و شوێنەوارناسە جیهانییەكان بۆ كوردستان ڕابكێشن و پەیوەندیتان لەگەڵ زانكۆكانی جیهاندا بەهێزتر بكەن و لە كاتی مامەڵەش لەگەڵ ئەو بیانیانەدا جەخت لە پێداگیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن لە گرنگی بە شوێنەوارەكانمان و دەبێت هەر توێژینەوەیەك دەكرێت، قازانجەكەی دوو لایەنە بێت، بەڵام زیاتر بۆ كوردستان و مێژووەكەی بێت، پێش ئەوان.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هیوای خواست ئەو نەخشە ئامادەكراوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شوێنەوار كە پێنج هەزار شوێن تۆمار كراوە، بایەخی زیاتری پێ بدرێت و بەگشتی لایەنی دۆكۆمێنتكردنی هەموو جۆرەكانی شوێنەوار و كەلەپوور و دانانی لە شیوەی داتابەیسێكی پێشكەوتوودا، لە ئەركە لەپێشینەكانە كە دەبێت هەنگاوی جددی بۆ بنرێت. هەروەها پێشنیازی ئەوەی خستە بەردەمیان كە پێویستە كتێب و دەستنووسەكانیش بە هەمان شێوەی شوێن و كەرەستە شوێنەوارییەكان جێی بایەخیان بن، چونكە ئەوانەش گەنجینە و سامانی نیشتمانین و نابێت پشتگوێ بخرێن.
لە كۆبوونەوەكەدا، كەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار، ڕاپۆرتی خۆیانی خوێندەوە كە تێیدا وێڕای دەستخۆشی لە بایەخی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە شوێنەوار و پشتگیریی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەو سێكتەرە، داوا و ڕاسپاردەكانی خۆیانی خستە ڕوو، پاشان بەڕێوەبەرانی ئامادەبوو، سەرنج و تێبینییەكانی خۆیان پێشكەش كرد.