وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بابەتی پێشخستنی شار و شارسازی لەگەڵ نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر تاوتوێ دەكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆبوونەوەیەكدا ڕووانگهی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی پێشخستنی شار و شارسازی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانی ئاوەدانیی هەولێر دەخاتەڕوو و جەختیش دەكاتەوە پێویستە ئەو یاسا و ڕێنماییانەی لەگەڵ سەردەمی ئیستادا ناگونجێن، بە پێشنیاز و پرۆپۆزەڵی نوێ بە شێوەیەك كە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و بواری شارسازیدا بكەوێتەوە، بگۆڕدرێن.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا كە بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەت و بەڕێوەبەر و سەرجەم ئەندازیاران و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكە ئامادەبوون، چەند تەوەرێكی گرنگیی پەیوەست بە ڕووانگهی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و خودی سەرۆكوەزیرانی كوردستان بۆ پێشخستنی شار لە ڕووی ماستەرپلان و شارسازی و گۆڕینی ئەو یاسا و ڕێنماییانەی لە بواری شارسازیدا بۆ سەردەمی ئێستا ناگونجێن، تاوتوێ كران. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی جەختی كردەوە دەبێت كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاروباری ڕۆژانەی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە بواری پلانسازی و كەمكردنەوەی ڕۆتێن و ڕێزگرتن و خزمەتكردنی هاووڵاتییان، بە باشترین شێوە ڕەنگ بداتەوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە ڕۆژی یەكشەممە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی جایكای یابانی لێكتێگەیشتنی پڕۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێریان واژوو كرد و لە گوتارێكدا كە لە ڕێوڕەسمی واژووكردنەكەدا پێشكەشی كرد، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پڕۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێری بە گرنگزانی و جەختی كردەوە پڕۆژە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕووێكەوە پێشدەخات و شارەكە بە هۆیەوە دەچێتە قۆناغێكی نوێی پەرەسەندنەوە.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی، تیشك خرایە سەر گرنگیی بەڕێوەبەرایەتییەكە و ڕۆڵی لە پێشخستنی شار و شارسازی بە گشتیدا، لەو سۆنگەیەوە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە گرفت و داواكارییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی كۆڵییەوە و جەختی كردەوە بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی یەكێكە لە بەڕێوەبەرایەتییە گرنگەكان و لە بواری پەرەپێدانی پلانسازی و شار و شارسازیدا ئەركی گەورەی هەیە، لەو سۆنگەیەوە ئاماژەی بەوە كرد هەر یاسا و ڕێنماییەك كە لەگەڵ سەردەمی ئێستادا ناگونجێن، پێویستە بەڕێوەبەرایەتییەكە پێشنیاز و پرۆپۆزەڵی هەبێت بۆ ئەوەی یاسا و ڕێنماییەكان لە خزمەتی هاووڵاتییان و كەرتی وەبەرهێنان و سەرجەم توێژەكان بگۆڕدرێن. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر بە مەبەستی پێشخستنی سەرجەم ئەو شار و شارۆچكانەی دەكەونە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكە، هەماهەنگیی زۆر باشی لەگەڵ سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هەبێت.