کارکردن لە چەند پڕۆژەیەکی ئاو تاوتوێ دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەر لەبەیانیی دووشەممە 24ی كانوونی دووەمی 2022 لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە شاندێكی بەریتانی كە پێكهاتبوون لە دهیڤید ههنت كونسوڵی گشتیی بهریتانیا و ڕهوهند عهسكهری ڕاوێژكاری بازرگانیی نێودهوڵهتی و ڕیچارد سمیث بهڕێوهبهری پڕۆژهكانی بای وۆتەر و ستیوارت سمیث بهڕێوهبهری پهرهپێدانی بزنس و پهیوهندییه حكوومییهكان و خهسرۆ حوسێن بەڕێوەبەری كۆمپانیای باى وۆتەر له هەرێمی كوردستان كرد. لە دیدارەكەدا كە ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و نزار تەمەر بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەی بوون، بە وردی گفتوگۆ و بەدواداچوون لەبارەی جێبەجێكردنی تەواوی خاڵەكانی گرێبەستێكی وەزارەت لەگەڵ كۆمپانیای بای وۆتەری بەریتانی تایبەت بە چەند پڕۆژەیەكی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەولێر و سلێمانی و دووکان کرا.
كۆمپانیای بای وۆتەر لە ساڵی 2005وە گرێبەستێكیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا بۆ جێبەجێكردنی چاکسازی لە پڕۆژەكانی ئاوی ئیفراز1و2و3 لە شاری هەولێر واژوو كردووە، لەگەڵ دروستکردنی پڕۆژەی ئیفراز٤، هەروەها پڕۆژەی چارەسەری ئاوەڕۆی سلێمانی و نۆژەنکردنەوەی پڕۆژەی ئاوی دووکان، بەڵام تاوەكو ئێستا نەتواندراوە سەرجەم خاڵەكانی گرێبەستەكە تەواو بكرێن، لەم سۆنگەیەوە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی جەختی كردەوە كە پێویستە كۆمپانیای جێبەجێكار بە پلان و میكانیزمی نوێ هەوڵی جێبەجێکردنی خاڵەكانی گرێبەستەكە بدات، چونكە بەلای حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە گرنگە کە ئەو سێكتەرانە پەرە پێ بدات.
كونسوڵی بەریتانیاش پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم دووپات کردەوە. لە بەرانبەریشدا شاندەكەی كۆمپانیای بای وۆتەری بەریتانی جەختیان كردەوە كە دەیانەوێت لە ماوەیەكی نزیكدا سەرجەم ئەو وردەكارییانەی كە پێویستن چارەسەری بكەن و ڕوونیان كردەوە ئامانجیان لەو سەردانەدا گرتنەبەری ڕێكارە پێویستەكانە بۆ ئەوەی خاڵەكانی گرێبەستەكە جێبەجێ بكەن.