بەشی سێیەمی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر بە ڕێژەی 60%ی كارەكانی تەواو بووە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ تیمی ئەندازیارانی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر كۆدەبێتەوە و جەختیش دەكاتەوە ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی حكوومەت كە ئێستا بەشی سێیەمی بە ڕێژەی 60%ی كارەكانی تەواو بووە و كاركردنیش تێیدا بە باشی بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی تەممووزی 2022 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ لیژنەی سەرپەرشتی و تیمی ئەندازیارانی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر كۆبووەوە و بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی كارەكانی پڕۆژەكە كرد، لە بەشێكی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد "پڕۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر یەكێكە لە دەستكەوت و پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان" و پاڵپشتیی حكوومەتی بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە دووپاتكردەوە، لەم سۆنگەیەوە داوای لە تیمی سەرپەرشتی و ئەندازیارانی پڕۆژەكە كرد كە بە دڵسۆزی و وریاییەوە كار لە پڕۆژەكەدا بكەن.
پاشان لە تەوەرەیەکی تری كۆبوونەوەكەدا، لیژنەی سەرپەرشتی و تیمی ئەندازیارانی شەقامی 150 مەتری، بە وردی تیشكیان خستە سەر ئەو كارانەی تاوەكوو ئێستا لە بەشی سێیەمی پڕۆژەكە تەواوكراون كە ئەم بەشەیان لە ڕێگەی هەولێر-بەحركەوە تا ڕێگەی هەولێر-گۆپاڵ لەخۆدەگرێت.
بەشی سێیەمی پڕۆژەكە ماوەی 550 ڕۆژە، بەڵام لە ماوەی كەمتر لە سێ مانگدا بە ڕێژەی 60%ی كارەكانی تەواو بووە و ئێستاش كاركردن تێیدا بەشێوەیەكی باش بەڕێوەدەچێت. لەپای ئەمەدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی لیژنەی سەرپەرشتیی پڕۆژەكە كرد كە لە ماوەیەكی كەمدا توانیویانە كارەكانی ئەو بەشەی پڕۆژەكە بگەیەننە ئەو ئاستەی كاركردن، هەروەها گوتیشی"پڕۆژەی 150 مەتری پڕۆژەیەكی ستراتیژیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و یەكێكە لە دەستكەوتەكان، بۆیە دەبێت ئێوە وەكوو ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە، بەشێوەیەكی ڕێكوپێك كارەكانتان بكەن و چاودێریی پڕۆژەكە بكەن."