تەنیا لە شەش مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە یەك ملیۆن گەشتیار سەردانی شاری هەولێریان كردووە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ژمارەی گەشتیارانی ناوخۆ و پارێزگەكانی عێراق و وڵاتانی بیانی بۆ هەرێمی كوردستان زیادی كردووە، لە ماوەی تەنیا شەش مانگدا، ۱ ملیۆن و ۱۱۷ هەزار و ۳۹٥ گەشتیار سەردانی شاری هەولێر و دەوربەریان كردووە، بە بەراورد بە پێشوو ڕێژەی ۱٥ % ژمارەی گەشتیاران بەرزبووەتەوە.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، بە شێوەیەكی باشتر بایەخ بە سێكتەری گەشتوگوزار و پەرەپێدانی ئەو سێكتەرە دەدات و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین هەنگاوی چاكسازی و ئاسانكاری لە بەرژەوەندی سێكتەرەكەدا گرتووەتەبەر و ئەمەش كاریگەری لەسەر بەرزكردنەوەی ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان هەبووە.
بە گوێرەی دوایین ئامار، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێردا لە ماوەی تەنیا شەش مانگی ۲۰۲۲ دا ۱ ملیۆن و ۱۱۷ هەزار و ۳۹٥ گەشتیاری ناوخۆ و پارێزگەكانی عێراق و بیانی سەردانی هەولێر و دەوروبەریان كردووە، لەم ژمارەیە ۲۳۸٫٥۳۱ گەشتیاریان بیانین، ئەمەش لەكاتێكدایە ئێستا لە شاری هەولێر هەفتانە هەرجارەی لە یەكێك لە پاركەكاندا ئاهەنگ و كەرنەڤاڵی هونەری و مۆسیقی بۆ گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی ڕێك دەخرێت و ئاسانكاری زۆریش بۆ گەشتیاران دەكرێت.