Skip to the content

ساسان عەونی: دوو پڕۆژەی باشكردنی ئاوی خاوێن لە سلێمانی و هەڵەبجە تەواو كران

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە شاری سلێمانی لە ڕێوڕەسمێکدا تەواوبوونی دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاریی باشکردنی ئاوی خاوێنی لە پارێزگەكانی سلێمانی و هەڵەبجە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد نزیكەی ۲۷۰ هەزار كەس لە پڕۆژەكان سوودمەند و تۆڕەكانی ئاویش لەو شوێنانە باشتر دەبن.
ڕۆژی پێنجشەممە (۲٨ ی تەممووزی ۲۰۲۲) ڕێوڕەسمەکە لە هۆڵی بۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، شاهین حەمەڕەزا جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، بەڕێوەبەری ئۆفیسی عێراقی ئاژانسی هاریکاریی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (جایکا)، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەر و ئەندازیارانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوە چوو.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی گوتارەكەیدا گوتی: خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم كە دوای ساڵ و نیوێك لە دەستپێكردنی پڕۆژەكان، ئەمڕۆ مژدەی كۆتاییهاتنی پڕۆژەكان ڕادەگەیەنین، كە بریتین لە پڕۆژەی باشكردنی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگەی سلێمانی و پارێزگەی هەڵەبجە. لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا گوتیشی: حكومەتی هەرێمی كوردستان هاووڵاتییان بە چەقی بایەخپێدانی خۆی دەزانێت و هەموو توانا و هەوڵەكانی بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییانی كوردستان دەخاتەگەڕ. هاوكات سوپاسگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی بە ئاژانسی جایكای ژاپۆنی ڕاگەیاند كە لەسەر قەرزی درێژخایەنی ژاپۆن پڕۆژەكان جێبەجێ كراون.
ساسان عەونی سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە پڕۆژەكان سوودمەند دەبن، گوتی: نزیكەی ۲۷۰ هەزار كەس لە هەردوو پارێزگەی سلێمانی و هەڵەبجە لە پڕۆژەكان سوودمەند دەبن و بەهۆیەوە دۆخی تۆڕەكانی ئاو و هێڵەكانی گواستنەوەی ئاو لەو شوێنانەی پڕۆژەكانیان لێ تەواو كراوە باشتر دەبێت.
 گرێبەستی پڕۆژەی باشكردنی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان لەسەر قەرزی ژاپۆنی لە ڕێگەی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی جێبەجێ كراوە کە پاكێجی چوارەمی گرێبەستی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە لەگەڵ ئاژانسی جایكای ژاپۆنی بە گوژمەی ٦ ملیۆن و ٤۰۰ هەزار و ٨٥٤ دۆلار لە ماوەی ٥۰۰ ڕۆژدا جێبەجێ كراوە. پڕۆژەكەی سلێمانی، بریتییە لە ڕاكێشانی هێڵی سەرەكی گواستنەوەی ئاو لە تاسڵوجە بۆ سلێمانی بە درێژایی (۱٥،٨۰۰ م.د) و زیاتر لە ۱٥۰ هەزار كەس لە گەڕەكەكانی باشووری خۆرهەڵاتی سلێمانی لێی سوودمەند دەبن، دەبێتە هۆی پەرەپێدانی زیاتری پڕۆژەكانی ئاو لە سەنتەری شاری سلێمانیدا. هەروەها پڕۆژەكەی پارێزگەی شاری هەڵەبجەش پێكهاتووە لە سێ بەشی گرنگ، ئەوانیش بریتین لە نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی خواردنەوە، دروستكردنی ئاوەڕۆ بۆ پاشماوەی وێستگەی پاڵاوتنی ئاو، لەگەڵ دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ وێستگەی پاڵاوتنی هەڵەبجە، كە زیاتر لە ۱۲۰ هەزار كەس لە دانیشتووانی گەڕەكەكانی نێو شارەكە تێیدا سوودمەند دەبن.