٣١ ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەی ئاوی تەقتەق-کۆیە تەرخانکرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی نزیكەی 31 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەی ئاوی تەقتەق-كۆیە و گەنجینەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی كۆیە دا.
گوژمەكە لەسەر ڕێژەی 17%ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی كۆیەیە و بۆ مەبەستی كڕینی قفڵ و ئەفلەنجە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو و هەروەها كڕینی بۆڵبەرینی جۆراوجۆر بۆ پەمپ و ماتۆڕەكانی پڕۆژەی ئاوی تەقتەق-كۆیەیە.
ساڵانە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە پارەیەكی زۆر بۆ پڕۆسەی بەرهەمێنان و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بەسەر هاووڵاتییان خەرج دەكات، پڕۆژەكانی ئاویش بریتین لە پڕۆژەی گەورە و مامناوەند و بیرەكان، ئەمە جگە لەوەی بە بەردەوامی تۆڕی دابەشكردن و پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی ئاو و بیرەكان نۆژەندەكرێنەوە.