پرۆژەی هێڵی یەكی ئاوی دووكان - سلێمانی لە كاتژمێرێكدا بڕی 3200 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ سلێمانی زیاد دەكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- كاركردن لە پڕۆژەی پەرەپێدانی هێڵی یەكی ئاوی دووكان – سلێمانی بەردەوامە، كە یەكێكە لە پرۆژە گەورەكانی ئاوی خواردنەوە لە سنووری پارێزگەی سلێمانی، ئێستا بە ڕێژەی 85% كارەكانی تەواو كراوە و دوای تەواوبوونی، توانای زیادكردنی بڕی 3200 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی بۆ شاری سلێمانی و دەوروبەری هەیە.
پێشتر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە وتارێكیدا كە بە بۆنەی سێ ساڵەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی كرد، لەبارەی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا، ڕایگەیاند: ڕۆژانە لە ڕێگەی ٨١ پڕۆژە و پێنج هەزار و ٧٨٧ بیری ئاوەوە، دوو ملیۆن و ٦٨٤ هەزار و ٦٠٦ مەتر سێجا، ئاوی پاكی خواردنەوە بەرهەمدەهێنرێت، ئەمە جگە لەوەی لە ڕێگەی پڕۆسەی تەنكەرینەوە، ئاوی پاك دەگەیەنرێتە گوند و ناوچە دوورەدەستەکان.