Skip to the content

ڕێژەی سەوزایی لە شەقامی ١٢٠مەتریی هەولێر زیاد دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-شەقامی بازنەیی ١٢٠مەتری یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژی و گرنگەكانی شاری هەولێر و بۆ زیاتر ڕازاندنەوە و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە دەوروبەری شەقامەكە، دەستكرا بە پرۆسەی چاندنی ژمارەیەكی زۆر دار و خاوێنكردنەوەی دەوروبەری شەقامەكە.
یەكێك لە ئامانجە ستراتیژییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەكرێت، بایەخدانە بە ژینگە و زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی لە شار و شارۆچكەكان بە دروستكردنی پارك و باخچە و سەوزكردنی دوورگە ناوەندی و چاندنی دار و گوڵی جۆراوجۆر لە دەوروبەری شەقام و پارك و شوێنە گشتییەكان.
لەم چوارچێوەیەدا تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێکی فراوانیان لە شەقامی ۱۲۰ مەتری دەستپێكرد، تێیدا پرۆسەی خاوێنكردنەوەی دەوروبەری شەقامەكە بەڕێوەچوو و پاشان ژمارەیەكی زۆر داریش چاندران، ئەمەش كاریگەری لەسەر بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی و جوانتركردنی دەوروبەری شەقامەكە دەبێت.