Skip to the content

ئاوی خاوێن دەگەیەنرێتە هەشتی حەسارۆک و دەست بە دروستكردنی خانوو دەكرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە ۱٥ ی حوزەیرانی ۲۰۲۲،  ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ نوێنەرانی خاوەن زەوییەكانی كەرتی هەشتی حەسارۆک كۆبووەوە و لە نزیكەوە وردەكاریی ئەو كارانەی پێ ڕاگەیاندن كە پێش مانگێک بۆیانی خستبووە ڕوو، ئەمەش لە چوارچێوەی بەڵێنەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گەیاندنی هەموو خزمەتگوزارییەكان بەو گەڕەكە.
لە دانیشتنەكەدا بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، سەرۆک و جێگری سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ئامادە بوون و تێیدا بە نوێنەری خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆک ڕاگەیەندرا، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە لێدانی بیر دەكرێت و لە سەرەتاشدا سێ بیر پێكەوە لێ دەدرێن. هەروەها لە ماوەی دوو هەفتەدا سەرەبلۆكی تەواوی گەڕەكی هەشتی حەسارۆک دادەنرێت.
هەروەها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێی ڕاگەیاندن، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە هەموو خاوەن زەوییەک دەتوانێت خانوو دروست بكات، ئەوانەش كە سەرەبلۆكیان داناوە و فایلیان تەواو بووە، ئێستا دەتوانن سەردانی شارەوانیی چوار بكەن بە مەبەستی مۆڵەتی ڕێگەپێدانی دروستكردنی خانوو.
هەر لە كۆبوونەوەكەشدا باس لەو زەوییە بازرگانیانە كرا كە حكومەت بۆ خزمەتگوزارییەكانی هەشتی حەسارۆک فرۆشتوونی و لە ماوەی داهاتوودا دەخرێنە ژمارەیەكی بانكیی تایبەت بەو گەڕەكە و ڕاستەوخۆ دەست بە پڕۆژەكانی دیكە دەكرێت.