Skip to the content

ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لە دەوروبەری پارێزگەی هەولێر كارا دەكرێنەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٦ ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و عەلی ڕەشید سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگەی هەولێر كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە ڕاوێژكاری وەزارەت و بەرێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و جێگرانی پارێزگا و ژمارەیەك بەڕێوەبەری دیكە ئامادەی بوون، پرسی كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی شارەوانیەكان لە چەند شارۆچكەیەكی دەوروبەری پارێزگەی هەولێر تاوتوێ كرا.
لەمیانەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە و گرفتی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان كرا كە دەكەونە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەكانی هەولێر، بۆ ئەوەی كاروباری شارەوانییەكان باشتر بەڕێوە بچێت، چونكە ئەو ئەنجوومەنانە ساڵانێكی زۆرە نەگۆڕدراون، بەڵام لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمدا بە یاسایەكی نوێ، ئەنجوومەنی شارەوانییەكان كارا دەكرێنەوە و پێشتر بەشێكیان كارا كرانەوە و بۆ یەكەمجاریش لەم ئەنجوومەنانەدا نوێنەری ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و جەماوەری و پیشەییەكانی تێدا دەبێت، هاوكات بەڕێوەبەری فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانیش دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنەكان.
هاوكات جەخت لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان و هەروەها كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر كرایەوە، ئامانج لەم هەنگاوەدا خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانە.