كۆنسێرتی هونەریی بۆ گەشتیارانی هەولێر ساز دەكرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە وەرزی گەرمادا، ئێوارەی هەموو ڕۆژانێكی شەممە ئاهەنگ و كۆنسێرتی هونەری لە شاری هەولێر ساز دەكرێت و بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەولێریش دەڵێ ئاهەنگ و كۆنسێرتە هونەرییەكان هەر هەفتەیەی لە یەكێك لە پاركەكانی شاری هەولێر و بێ بەرانبەر ساز دەكرێت.
ئیسماعیل مینە خان، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر وردەكاری زیاتر دەخاتەڕوو و دەڵێ: بۆ زیاتر سەرنجڕاكێشانی گەشتیاران و دروستكردنی كەشێكی خۆشگوزەرانی، ئێوارانی هەموو شەممەیەک ئاهەنگ و كۆنسێرت وەك بەشێك لە چالاكییە جۆراوجۆرەكانی گەشتوگوزار بێ بەرانبەر ساز دەكرێت.
گوتیشی: كۆنسێرتەكان كاتژمێر 8ی ئێوارە دەست پێدەكەن و هەر جارە لە یەكێك لە پاركەكانی شاری هەولێر دەبێت. بۆ ئەم هەفتەیەش كۆنسێرتەكە لە پاركی شانەدەر ساز كرا.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی سەقامگیریی پایتەختی هەرێمی كوردستان و دابینكردنی پێداویستییەكانی گەشتیاری، ڕێژەی گەشتیاران بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەموو كارئاسانییەكی بۆ كەرتەكە كردووە.