وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو چەند پرسێك تاوتوێ دەكەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە، ۱٤ ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەریی شاندێكی وەزارەت كە پێكهاتبوون لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و ژمارەیەك بەڕێوەبەری دیكەی ناو وەزارەت، سەردانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی كرد و لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێشوازی لێكرا.
لەو سەردانەدا كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوو وەزارەت بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا پتەوکردنی پەیوەندییەکان و لەنزیکەوە گفتوگۆکردن بۆ هەماهەنگی و لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوەی زیاتری کاروبارەکانی پەیوەست بە هەردوو وەزارەت بە تایبەتی هەماهەنگی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی زەوی و زار و زێدەڕۆیی ئەو کێشانەی لە دادگاکانن، تاوتوێ كران.