گرفتی دابینكردنی ئاو لە ڕێگەی تانكەرەوە لە سۆران چارەسەر دەكرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە ۷ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری شاندێكی وەزارەت كە لە ڕاوێژكار و بەرێوەبەرانی گشتیی دیوان و ئاو و ئاوەڕۆ و چەند بەڕێوەبەرێكی تری ناو وەزارەت پێكهاتبوون، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی كرد. لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، كە ڕاوێژكاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەت و بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی سۆران ئامادەی بوون، لەبارەی پڕۆژە ستراتیژییەكانی ئاو و وشكەساڵی و ئەو شوێنانەی تاوەكو ئێستا بە تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكرێت، گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: ساڵانە بڕە پارەیەكی یەكجار زۆر لە سنووری سۆران بۆ تانكەرەكانی دابینكردنی ئاو بۆ ئەو شوێنانەی پڕۆژەی ئاویان نەگەیشتووەتێ، سەرف دەكرێت، بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتەش ساسان عەونی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆرانی ڕاسپارد بەزووترین كات دەرخستەیەك ئامادە بكەن بۆ ئەوەی چیتر ئاو بە تانكەر بۆ هاووڵاتییان دابین نەكرێت و پڕۆژەیان بۆ جێبەجێ بكرێت. سەبارەت بە وشكەساڵیش گوتی: حكومەت نزیكەی ۱۱ ملیار دیناری بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكردووە، بۆ بیرەكان و كەلوپەل و ڕێگریكردن لە گرفتی كەمئاوی، بەشێكی ئەو بودجەیە بۆ سۆران دەبێت، بۆیە ئێمە هەموو دەسەڵاتێكمان داوەتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و ئەو لیژنەی لە پارێزگای هەولێر دروستكراوە كە تایبەتە بە كەمئاوی و وشكەساڵی، بۆیە پێویستە ئەو شوێنانەی گرفتی ئاویان هەیە، دەستنیشان بكرێن بۆ ئەوەی كیشەكەیان بۆ چارەسەر بكرێت و پرۆژەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ جێبەجێ دەكەین.