بۆڕیی سەرەكیی ئاوی دووكان - سلێمانی چاككرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چەند كاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی كێشەی كارەباوە، بۆڕیی سەرەكی پڕۆژەی ئاوی دووكان-سلێمانی هێڵی یەك شكا و بەهۆیەوە گرفت بۆ گەیاندنی ئاو بەشێكی شاری سلێمانی دروست بوو، دوای چل كاتژمێر كاركردن بۆڕییەكە لەلایەن تیمی كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و وێستگەی دووكان چاككرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند: دوای ئەوەی بەهۆی کێشەی کارەباوە بۆڕیی سەرەکیی ئاوی دووکان-سلێمانی هێڵی یەک شکا،دەستبەجێ بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی و بەشەکانی دابەشکردن و چاکسازیی تۆڕەکانی ئاو و وێستگەی دووکانی یەک و گەنجینە و تیمێکی پسپۆڕ لە کارمەندانی ماندوونەناس، تواندرا لە ماوەی ٤٠ کاتژمێردا کێشەی بۆڕییەكە چارەسەر بکرێت و دووبارە ئاو بۆ شاری سلێمانی بگەڕێندرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ڕاشیگەیاند: ئەو بۆڕییە ٣٥٪ی ئاوی سەنتەری شاری سلێمانی دابین دەكات،
دوای چاككردنەوەی، لەمڕۆوە ئاو گەیشتووەتە پڕۆژەکە و دابەشکردنی ئاو لەو گەڕەکانەی ئاو لەو هێڵە وەردەگرن، بەپێی بەرنامەیەک ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە و كێشەكە چارەسەر دەبێت.