بە گوژمەی ٥۰۰ هەزار یۆرۆ كارگەی چارەسەری خۆڵ و خاشاكی كواشێ نۆژەن كرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ۱٦ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی كۆتاییهاتنی كارەكانی نۆژەنكردنەوەی كارگەی كواشێ بۆ چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی پارێزگەی دهۆك، سەردانی دهۆكی كرد و لە وتارێكدا لە كارگەی كواشێ پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند: مانگانە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە ۹ ملیار دینار لە بواری چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكدا خەرج دەكات.
ڕێوڕەسمەكە بە ئامادەبوونی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك و خانم ڕەوشەن ئەترووشی، سەرۆكی ڕێكخراوی VNGی هۆڵەندی و میشێل لایتهارت لە پرۆگرامی مەسار و دیار بەحری بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی دهۆك و ژمارەیەكی دیكەی بەرپرسانی دامودەزگە پەیوەندیدارەکانی دەڤەرەکە بەڕێوەچوو.
لەمیانەی ڕێوڕەسمەکەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری دهۆك و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی دهۆك و سەرۆكی ڕێكخراوی VNGی هۆڵەندی و نوێنەری پرۆگرامی مەسار وتاریان پێشكەش كرد و تێیدا باسیان لە گرنگی پڕۆژەكە بۆ پارێزگەی دهۆک و چۆنیەتی نۆژەنکردنەوەی كرد.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی وتارەكەیدا سەبارەت بە سیاسەتی كابینەی نۆیەمی حكومەت لە بواری پاڵپشتیكردنی پڕۆژەكانی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پاكڕاگرتنی ژینگەی كوردستان و كۆكردنەوە و چارەسەركردنی خاشاك، پرسێكی گرنگە و ئەركێكی ستراتیژی جێی بایەخی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بابەتی چارەسەركردنی خاشاك یەكێكە لەم بوارانەی كە سەرۆكی حكومەت بە بەردەوامی بەدواداچوونی بۆ دەكات و دەیەوێت بە ڕێكار و شێوازێكی سەردەمیانە ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بكرێت، هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە زیاتر لە ۹ ملیار دینار لە بواری چارەسەركردنی خاشاكدا خەرج دەكات، كە یەكێكە لەو بوارانەی زیاترین خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری تێدا خەرج دەكرێت.
لەبارەی كارگەی كواشێ لە دهۆک، لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ڕایگەیاند: كارگەی كواشێ ساڵی ۲۰۱۱ لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراوە و خاشاكی شارەوانییەكانی قەزای سێمێل و سەنتەری شاری دهۆك و چەند شوێنێكی تری دەڤەرەکە بە ستانداردی جیهانی لێكجیا دەكاتەوە و چارەسەر دەكات.
سەبارەت بە هۆكاری نۆژەنكردنەوەی كارگەكەش، ساسان عەونی گوتی: بەهۆی قەیرانی دارایی و هاتنی لێشاوی پەنابەران بۆ دەڤەری پارێزگەی دهۆك و گەشەكردنی ناوچەكە، گوشارێكی زۆر كەوتە سەر ئەم كارگەیە، بۆیە پێویستی بە پەرەپێدان و فراوانكردنی بەشەكانی هەبوو، بە سوپاسەوە ڕێكخراوی VNGی هۆڵەندی دەستپێشخەری كرد و لە چوارچێوەی پرۆگرامی مەساردا پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەكە جێبەجێ كرا و ئێستاش بە هەماهەنگیی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی دهۆك و ڕێكخراوی VNGی هۆڵەندی بە جددی كار لەسەر دروستكردنی پڕۆژەی لێكجیاكردنەوەی جۆرەكانی خۆڵ و خاشاكی دەڤەری دهۆك دەكرێت كە ئەمەش هۆكارێكی باش دەبێت بۆ پاراستنی ژینگەی جوانیی دهۆك و هەروەها دەتواندرێت سوود لە ماددە جیاكراوەكان وەربگیرێت و مەوادی دیكەیان لێ بەرهەم بهێندرێت.
دوای ڕێوڕەسمەكەش، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری پارێزگاری دهۆك، تەواوی بەشەكانی كارگەكەی بەسەركردەوە و بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی كاروبارەكان و پرۆسەی لێكجیاكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی دهۆک كرد، هەروەها پاڵپشتیی حكومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ پڕۆژەكە و باشتركردنی پرۆسەی چارەسەركردنی خاشاك لە سنووری پارێزگەی دهۆكدا دەربڕی.