زیاتر لە ٥ ملیار و ٤٥٩ ملیۆن دینار بۆ ٣٤ پڕۆژە لە شاری هەولێر تەرخان كرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی دا لەسەر تەرخانكردنی گوژمەی زیاتر لە (٥) ملیار و (٤٥٩) ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی ٣٤ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر.
گوژمەكە لەسەر ڕێژەی ١٥٪ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرە و بە گوێرەی پلانی ساڵی ٢٠٢٢، بە مەبەستی جێبەجێكردنی ٣٤ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر خەرج دەكرێت.
پڕۆژەكان پێكهاتوون لە دروستكردنی شەقام، قیڕتاوكردن، كاشیكردنی كۆڵان، نۆژەنكردنەوەی شۆستە، قەشتەكردن و قیڕتاوكردنی شەقامی جووتساید، داڕشتنی كۆنكرێت بۆ شەقامەكان و ڕاخستنی چینی ستابلایزەر، كڕینی پێداویستی بۆ پارك و باخچەكانی شاری هەولێر، نۆژەنكردنەوەی یاریی منداڵان، كڕینی كورسی و سەللەی زبڵ، لەگەڵ چەند بوارێكی دیكەی خزمەتگوزاری.
جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانە كاریگەری زۆر باشیان لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی شاری هەولێر دەبێت، هەروەها ئێستا ژمارەیەك پڕۆژەی دیكەش لە سەنتەری شاری هەولێر لە قۆناغی جێبەجێكردندان.