Skip to the content

ساسان عەونی: سێكتەری گەشتوگوزار لای حكومەت و بە تایبەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری هەیە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی حوەزیرانی٢٠٢٢، كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی د. ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان و د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمان و بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و د. ڤالا فه‌رید، وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەكەدا یاسای نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پەسەند كرا و هاوكات خوێندنەوەی دووەمیش بۆ پێشنیازەیاسای گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان كرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسی لە گرنگیی پرۆژەیاسای گەشتوگوزار كرد و دەڵێت: پرۆژەیاسای گەشتوگوزار گرنگییەكی زۆری بۆ ڕێكخستنەوەی سێكتەری گەشتوگوزار دەبێت، چونكە تاوەكو ئێستا ئەو كەرتە بە یاسا ڕێكنەخرابوو، بۆیە كاتێك بە یاسا ڕێكدەخرێت، پاڵپشتییەكی گرنگ دەبێت بۆ ئەو كەرتە و بۆ وەبەرهێنەران و ئەو كەسانەی دەیانەوێت كار لەم بوارەدا بكەن، پشتئەستوورتر دەبن كە بە یاسا ئەو بوارە ڕێكخراوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش كرد سێكتەری گەشتوگوزار لای حكومەت و بە تایبەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری هەیە و دەخوازن وەك سەرچاوەی داهات بەكاری بهێنن، لەمبارەیەوە، دەڵێت: هەفتەی پێشووتر لە كارنامەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا یەكێك لە خاڵەكان تایبەت كرا بە كەرتی گەشتوگوزار و لەوێدا ئەو ڕاپۆرتەی كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ئامادە كرابوو پێشكەش كرا و وەكو خۆی وەرگیرا و قەبووڵ كرا، بە تایبەتی جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت زۆر بایەخ بە كەرتی گەشتوگوزار دەدات و دەیەوێت ئەو كەرتە بچێتە پێشەوە و دەرفەتی زیاتر لەبەردەم سەرمایەداران و وەبەرهێنەراندا بكاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن سەرمایەگوزاریی زیاتر بكەن.
ساسان عەونی، جەختیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە حكومەت هەموو ئاسانكارییەك پێشكەش بە وەبەرهێنەران دەكات بۆ ئەوەی سەرمایەكانیان لە سێكتەری گەشتوگوزاردا بەگەڕبخەن و كاری باشتر بكەن، لەمارەیەوە زیاتر دەڵێت: ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەدەینە سەرمایەداران و وەبەرهێنەران كە هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ دەكەین بۆ ئەوەی سەرمایەگوزاری لە كەرتی گەشتوگوزاردا بكەن. 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە ڕۆڵی یاساكە لە پەرەپێدانی سێكتەری گەشتوگوزاردا، ڕایگه‌یاند: ڕاستە تاوەكو ئێستا كاری باش لە بواری گەشتوگوزاردا كراوە، بەڵام بوونی ئەم یاسایە، دڵنیاییەكی باشتر دەدات و بەهۆیەوە ئەو كەرتە ڕێك دەخرێتەوە، ڕێكخستنەوەی ئەو كەرتە و دانانی ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی یاساكە هەنگاوێك و پاڵپشتییەكی باشتر دەبێت بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار، هەروەها ئەو ماستەرپلانەی كە تایبەتە بە كەرتی گەشتوگوزار دوای هەمواركردنەوەی و بە پاڵپشتیی یاسای گەشتوگوزار دەتواندرێت كاری زۆر باشتری  تێدا بكرێت.
سەبارەت بە ڕەخساندنی هەلی كاریش هەر بابەتێك كاتێك كە بە یاسا ڕێك دەخرێت، دڵنیایی دەداتە سێكتەرەكە و وەبەرهێنەرانیش سەرمایەی ناوخۆیی و دەرەكی زیاتر تێدا بەگەڕ دەخەن، بۆیە كاركردنی سەرمایە لە هەر سێكتەرێكدا وا دەكات دەرفەتی كار دروست بێت و دروستبوونی وەبەرهێنانی زۆریش لەو سێكتەره‌دا بەهۆیەوە دەرفەتی كار زۆر دەكات. حكومەت دەیەوێت سەرچاوەكانی داهات زیاد بكات و سێكتەری گەشتوگوزاریش یەكێكە لەم سەرچاوانەی داهات، ساسان عەونی، هه‌روه‌ها گوتی : حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت سەرچاوەكانی داهاتی ناوخۆیی زیاد بكات و بەدیلی دیكە بۆ زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات بدۆزێتەوە، كەرتی گەشتوگوزاریش یەكێكە لەو كەرتانەی كە دەتوانێت داهاتێكی زۆر بۆ هەرێمی كوردستان ڕابكێشێت.