Skip to the content

ساسان عەونی: پڕۆژەی ١٠٠مەتریی سلێمانی جێی بایەخی سەرۆكی حكومەتە و بودجەی پێویستی بۆ دابین دەكرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری پارێزگاری سلێمانی بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی پرۆژەی شەقامی ١٠٠مەتریی سلێمانی، سەردانی پرۆژەكەی کرد و لەبارەی تەرخانكردنی بودجەش، ڕایگەیاند شەقامی ١٠٠مەتریی سلێمانی جێی بایەخی سەرۆكی حكومەتە و ٨٣ %ی داهاتی فەرمانگەكان بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان دەكرێت.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری شاندێكی وەزارەت كە پێكهاتبوون لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، دیوان، نەخشەدانانی ئاوەدانی، پلان و بەدواداچوون، پرۆژەكان و ژمارەیەك بەڕێوەبەری دیكەی ناو وەزارەت سەردانی شاری سلێمانی كرد و دواتر پرۆژەی ١٠٠ مەتریی سلێمانی بەسەركردەوە.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر پرۆژەی شەقامی ١٠٠مەتریی سلێمانی، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: لەمیانەی سەردانەكەماندا بۆ شاری سلێمانی، بە پێویستمانزانی لە نزیكەوە سەردانی پرۆژەی شاڕێی بابان، شەقامی ١٠٠مەتریی سلێمانی بكەین بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لەگەڵ لایەنی بەرپرس و فەرمانگەی ئەندازیاری نیشتەجێ و كۆمپانیای قەیوان لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردن و بەرەوپێشچوونی ئەو پرۆژەیە بكۆڵینەوە و ئاگاداری بین. گوتیشی: ئەوەی جێی خۆشحاڵییە پڕۆژەكە ٥٠ %ی كارەكانی جێبەجێ بووە و كاری خۆڵكاری و تێكەڵەكردن، بەشی زۆری تەواو بووە و هەوڵ دەدرێت قۆناغەكانی داهاتووش لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا تەواو ببن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: ئەوە دەرفەتێكی زۆر باشە وەكو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای سلێمانی و سەرۆكایەتیی سلێمانی لە نزیكەوە پڕۆژەیەكی ستراتیژی گەورە بەسەر دەكەینەوە، لێرەدا دووپات لە سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە كە دەخوازین هەموو پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكان لەلایەن وەبەرهێنەران و سەرمایە و دەستیكاری خۆماڵی جێبەجێ بكرێن. گوتیشی: هیوادارین لە ئاییندەیەكی نزیكدا تەواوكردنی ئەم پڕۆژە گرنگ و كوردستانییە بۆ شاری سلێمانی بە تەواوكراوی ببینین و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەموو پشتیوانی و پشتگیری و كارئاسانییەك پێشكەش دەكات. 
ساسان عەونی، گوتیشی: پڕۆژەی ١٠٠مەتری سلێمانی جێی بایەخی ئەنجومەنی وەزیران و جەنابی سەرۆكی حكومەتە و دوا بڕیاریش كە لە ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە، ٨٣ % داهاتی فەرمانگەكان بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان دەكرێت و پارەی پێویستی بۆ دابین دەكرێت، هەر بودجەیەكیش پێویست بێت بۆ تەواوكردنی بە دڵنیاییەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان درێخی ناكات.