ساسان عەونی: ڕوئیای سەرۆكی حكومەت ئەوەیە خەڵكانی كەمدەرامەت لە یەكەكانی نیشتەجێبوون سوودمەند بن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە (6ی حوزەیرانی 2022) لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، د. جوتیار عادل گوتەبێژی حكومەت و ڕێباز حەملان یاریدهدهری سهرۆكی حكومهت بۆ كاروباری دارایی و د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ژمارەیەك پەرلەمانتار و ئەحمەد ڕێكانی سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان و سەرۆكی كۆمپانیا و وەبەرهێنەران، كۆڕبەندی نیشتەجێوون و بیناسازی لەپێناو ڕێكخستنەوەی كەرتی نیشتەجێبوون و خانووبەرە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوەچوو و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش لەبارەی پلان و ڕوئیای حكومەت بۆ كەرتی نیشتەجێبوون لە پانێلێكدا گوتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا جەختی لە پاڵپشتیكردنی كابینەی نۆیەم بۆ ئەو سێكتەرە كردەوە و هاوكات گوتی ڕوئیای سەرۆكی حكومەت، سوودمەندبوونی خەڵكانی كەمدەرامەتە لە یەكە نیشتەجێبووەكان.
لە سەرەتای كۆڕبەندەكەدا پارێزگاری هەولێر وتاری كردنەوەی كۆڕبەندەكەی پێشكەش كرد و پاشان ڤیدیۆ دیكیۆمێنتارییەك لەبارەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە سێكتەری نیشتەجێبوون و هەروەها وتاری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان پێشكەش كران و تێیدا باسیان لە گرنگی كۆڕبەندەكە و چۆنیەتی پەرەپێدانی كەرتی نیشتەجێبوون كرد، هاوكات كورتە ڤیدیۆیەك سەبارەت بە قۆناغەكانی بەرەوپێشچوونی شاری هەولێر پێشكەش كرا.
كۆڕبەندەكە دوو پانێلی سەرەكی لەخۆدەگرت، لەوانە پانێلی ڕۆڵی وەبەرهێنەران لە گەشەپێدانی كەرتی نیشتەجێبوون، لەم پانێلەیاندا ژمارەیەك پڕۆژەی نیشتەجێبوون نمایشكران. پانێلی دووەمیش لە ژێر ناوی پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕێكخستنەوەی كەرتی نیشتەجێبوون پێشكەش كرا، لە پانێلی دووەمدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا باسی لە گرنگی كەرتی نیشتەجێبوون و دووبارە ڕێكخستنەوەی و پلانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرد.
ساسان عەونی لە بەشێكی قسەكانیدا گوتی: ئەم كۆڕبەندە دەرفەتێكی باشە كە لێرەدا جەخت لە دیدگای حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە كە بەردەوام پشتگیری لە كەرتی تایبەت و وەبەرهێنانی ناوخۆیی دەكات و ئەم پاڵپشتییەش سیاسەتێكی جێگیری حكومەتە و هیوادارین ئەو كەشەی كە حكومەت بۆ كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانی دروستكردووە، بتوانن سوودی لێوەربگرن و لە هەر شوێنێكیش كە گرفتێك دێتە پێشەوە چارەسەری بكەین و نەبێتە هۆی ئەوەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیاندا دوور بكەونەوە.
سەبارەت بەو ژمارە زۆرەی دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون، ساسان عەونی گوتی: ڕوئیای جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ئەوەیە كە باڵانس لە پێدانی ئەو یەكانە هەبێت و ئەو كەسانەی داهاتیان ناوەندە یان كەمدەرامەتن لە یەكە نیشتەجێبووەكان سوودمەند بن. لەبارەی ڕوئیا و ستراتیژیەتی كابینەی نۆیەمیش بۆ سێكتەری نیشتەجێبوون، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: ئەو سێكتەرە یەكێكە لە سێكتەرە زۆر گرنگەكان كە حكومەت بایەخی زۆری پێدەدات و كاری جددی بۆی كردووە و لەگەڵ دامودەزگە پەیوەنددارەكانیش هەوڵدەدەین ئەو كەلێن و گرفتانەی لەبەردەم ئەو سێكتەرەدان، چارەسەریان بكەین، ئەمەش بە تەنیا ئیشی حكومەت نییە، پێویستە وەبەرهێنەرانیش لەپاڵ ئاسانكارییەكانی حكومەت بتوانن گرفتەكان چارەسەر بكەن، بەڵام بە ڕاگرتنی باڵانس لەنێوان خەڵكانی كەمدەرامەت و خەڵكانی داهات ناوەند و بەرزدا.
سەبارەت بە مۆڵەتی وەبەرهێنان لە سێكتەری نیشتەجێبوون، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: پێشتر مۆڵەتی وەبەرهێنان ڕاگیرابوو، بەڵام كابینەی نۆیەمی حكومەت بە گرنگیزانی كە جارێكی تر پێدانی مۆڵەت لە سێكتەری نیشتەجێبوون بدرێتەوە، بەڵام بە كۆمەڵێك میكانیزمی نوێ لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان و دەستەی وەبەرهێنان. سەبارەت بە گرنگی ڕێكارە نوێكان، گوتی: ئەو ڕێكارە نوێیانەی ئێستا، دەبێتە هۆی ئەوەی هەر پڕۆژەیەك كە دەست پێدەكات، دەبێت تەواو بكرێت، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان خەریكی ئەوەین چارەسەری پڕۆژە تەواو نەكراوەكانیش بكەین، مەبەست لە ڕێكارە نوێكانیش بۆ ئەوەیە كاتێك پرۆژەیەك دەستپێدەكات گرەنتی تەواوكردنی هەبێت و هاووڵاتییان بتوانن سوودی لێوەربگرن.
شایەنی باسە، ناوەڕۆكی كۆڕبەندەكە بریتی بوو لە هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەم بۆ چارەسەركردنی كێشەی پڕۆژە تەواونەكراوەكان و ڕێكخستنەوەی سێكتەری نیشتەجێبوون و خانووبەرە و چاودێریكردنی زیاتری پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بە یاسا و بڕیارەكانی حكومەت لەگەڵ هاوسەنگكردنی نرخی كرێ و خزمەتگوزاریی ناو پڕۆژەكان و داڕشتنی میكانیزمێك بۆ كاری كۆمپانیا و نووسینگەكانی خانووبەرە و هەروەها ڕۆڵی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە كەمكردنەوەی كرێچی و ئاستی كوالێتی و شێوازی بیناسازی لە پڕۆژەكان و گەڕاندنەوەی متمانەی هاووڵاتییان بۆ بازاڕی خانووبەرە و ڕەخساندنی بازاڕ و هەلیكاردا.