وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوون بۆ خزمەتگوزارییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 7ی حوزەیرانی 2022، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری شاندێكی وەزارەت كە پێكهاتبوون لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان و ئاو و ئاوەڕۆ و ژمارەیەكی تر لە بەڕێوەبەرانی ناو وەزارەت، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی كرد و لەلایەن هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێشوازی لێكرا.
لە سەردانەكەیدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ئیشوكاری دامودەزگە خزمەتگوزارییەكانی دەڤەرەكەی كرد، هەر یەكە لە سەرپەرشتیار و جێگری ئیدارەی سۆران و قائیمقام و دامودەزگە و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی دەڤەری سۆران لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون.
هەروەها بەدواداچوون بۆ پڕۆژەكان و ئاستی خزمەتگوزارییەكانی دەڤەرەكە كرا و جەختیش لەسەر پەرەپێدانی پڕۆژە و بووژانەوەی دەڤەری سۆران كرایەوە.
هەروەها بەدواداچوون بۆ پڕۆژەكان و ئاستی خزمەتگوزارییەكانی دەڤەرەكە كرا و جەختیش لەسەر پەرەپێدانی پڕۆژە و بووژانەوەی دەڤەری سۆران كرایەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمی دەستبەكاربوونی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكان و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا، جەختی لەسەر هاوكاری و پاڵپشتیی حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئیدارەی سۆران كردەوە. ئاماژەی بەوەش كرد دەبێت فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە دابن كە حكومەت پێیداون و پێویستە بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵك و دەڤەرەكەیان بكەن، هاوكات پیرۆزبایی لە خەڵكی سۆران كرد بە بۆنەی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكان لەو دەڤەرەدا و ئەم هەنگاوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی بە ڕۆژێكی مێژوویی بۆ دانیشتووانی سۆران ناوبرد و هیوای خواست ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بتوانێت خزمەتی زیاتری دەڤەری سۆران بكات.