وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سێ بابەتی تایبەت بە ئاو لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئاوی سلێمانی و ئاوی دەوروبەر گەنگەشە دەكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری شاندێكی وەزارەت كە پێكهاتبوون لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، دیوان، نەخشەدانانی ئاوەدانی، پلان و بەدواداچوون، پڕۆژەكان و ژمارەیەك بەڕێوەبەری دیكەی ناو وەزارەت، سەردانی شاری سلێمانی كرد و لە چوارچێوەی پرۆگرامەكاندا لەگەڵ هەردوو بەڕێوەبەرانی ئاوی سلێمانی و ئاوی دەوروبەری سلێمانی كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە شاندی وەزارەت و سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی ئامادەی بوون، چەند تەوەرێكی سەرەكیی تاوتوێ كران، لەوانە، بابەتی وشكەساڵی و پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی، جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە، كلۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆلێرا و چەند بابەتێكی تریش گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار حەختی كردەوە پێویستە چاودێریی تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوە و پرۆسەی بەكارهێنانی كلۆر بكرێت، بۆ ئەوەی مەترسییەكانی پەتا لەسەر شارەكە دوور بخرێتەوە، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوە كرد، ئاوی شارەكە هیچ گرفتێكی نییە و بە شێوەیەكی خاوێن بۆ هاووڵاتییان دابینكراوە.
لەبارەی وشكەساڵی و و پرۆسەی دابینكردنی ئاوی خاوێن، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوای لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو كرد كە بەزووترین كات پلان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و دابینكردنی ئاوی خاوێن دابنێن، هاوكات كەمكردنەوەی ڕۆتین و چەندین بابەتی دیكە تاوتوێ كران و ڕاوسەرنجی بەڕێوەبەرانی ئاو وەرگیرا بە مەبەستی چارەسەركردنی هەر گرفتێك، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دووپاتی كردەوە كە وەزارەت لە چوارچێوەی یاسادا پاڵپشت و هاوكاریان دەبێت.